بەغداد - INA- محەمەد تالبی
دەستەی چاودێری کۆمەڵایەتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەواوکردنی بنکەی زانیاریی یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار خێزانی ڕاگەیاند کە چاوەڕێی پەسەندکردنی بودجەن، هاوکات ئاماژەی بە دابینکردنی دەرفەتی کار بۆ زیاتر لە ٦٠ هەزار سوودمەند لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کرد.
عەبدولڕەحمان عوەید مەنسووری، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری کۆمەڵایەتی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: کاری دەستەی چاودێری کۆمەڵایەتی بەردەوامە و ناوەستێت، و پڕۆسەکانی یەکتربڕینی زانیارییەکان و وردبینی و وەرگرتنی سکاڵاکان لە ڕێگەی هێڵە گەرمەکانی ناو وەزارەتەوە بەردەوامن.
وتیشی: کاری ئێستا بەردەوامیی هەموو ڕێکارەکانی پێشووە لەگەڵ زیادکردنی پەرەسەندنی نوێ، دوای ئەوەی پێشتر دەستەکە تەنها هاوکاریی پارەی پێشکەش دەکرد، ئەمڕۆ سەبەتەی خۆراکیش بە سوودمەندان دەدات کە ژمارەیان گەیشتووەتە زیاتر لە ١٦٠ ملیۆن سەبەتە لە کاتی پێکهێنانی حکومەتی سودانییەوە تا ئێستا، جگە لە منحی قوتابیان کە زیاتر لە ٢،٢٠٠،٠٠٠ قوتابی گرتووەتەوە و لەگەڵ هاوکارییەکاندا خەرج دەکرێت، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی نەبوونی تەرخانکراوی داراییەوە وەستاوە.
مەنسووری ڕوونی کردەوە کە دەستەکە کاری لەسەر بیمەی تەندروستی لە پارێزگای بەغدا کردووە بۆ نزیکەی ٥٠٠ هەزار سوودمەند کە دەفتەری تەندروستییان هەیە بۆ سەردانی سەنتەر و نەخۆشخانەکان بە بڕە پارەیەکی کەم، جگە لە پڕۆژەی (کاش پڵەس) لە پارێزگای موسەنا کە بڕە پارە پێشکەشی منداڵانی تەمەن دوو ساڵ و کەمتر و ژنانی دووگیان دەکات بە هاوکاری لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوی یونسێف.
ئاماژەی بەوەش کرد کە فەرمانگەیەکی ئەلیکترۆنی تەواو کراوە کە سکاڵا و پرسیاری هاووڵاتیان وەردەگرێت و دەیانبەخشێتەوە بەسەر بەشەکانی پارێزگاکاندا بۆ ئەوەی دەستبەجێ چارەسەر بکرێن، لەگەڵ گرنگیدان بە پاراستنی منداڵ لە ڕێگەی دروستکردنی ٤٤ یەکەی منداڵ و چالاککردنی ١٠ یەکەیان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پاڵپشتی دەروونی و لێکۆڵینەوەی حاڵەتەکان.
وتیشی: بابەتی زیادکردن و فراوانکردنی گرتنەوەی خێزانەکان بەندە بە تەرخانکراوە داراییەکانی وەزارەتی دارایی، چونکە دەستەکە مانگانە زیاتر لە ٤٥٠ ملیار دیناری عێراقی و ساڵانە نزیکەی ٦ تریلیۆن دینار خەرج دەکات، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ژمارەی خێزانە سوودمەندەکان گەیشتووەتە ٢،٠٦٢،٠٠٠ خێزان کە دەکاتە زیاتر لە ٧ ملیۆن کەس، هاوکات دەرفەتی کار بۆ ٦٠ هەزار سوودمەند لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا وەک وەزارەتەکانی ناوخۆ و داد دابین کراوە، لە کاتێکدا لێککتێگەیشتنەکان لەگەڵ وەزارەتەکانی پەروەردە و ئەوقاف بەهۆی هۆکاری داراییەوە دواکەوتوون، ئێمەش چاوەڕێی بڕیاری بودجەی گشتیین بۆ ئەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار خێزانی دیکە بگرێتەوە کە ئێستا لە بنکەی زانیارییەکاندا ناویان هەیە.
مەنسووری ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە هاووڵاتیان زانیاری و هەواڵەکان لە سەرچاوە ڕاستەقینەکانی وەک فەرمانگەکانی دەستەکە و سایتە فەرمییەکان وەربگرن بۆ ئەوەی نەکەونە داوی سەرانەگر و هەڵخەڵەتێنەرانەوە،جەختیشی کردەوە کە لە ماوەی تەمەنی حکومەتی ئێستادا شەش وەجبە و دوو پاشکۆ دەرکراون، و دەستبەجێ دوای دابینکردنی تەرخانکراوە داراییەکان لە بودجەی گشتی، وەجبەی نوێ ڕادەگەیەنرێت