بەغداد - INA
سەرۆکی هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی سەید عەممار حەکیم و ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق شێخ قەیس خەزعەلی، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیان لەسەر پێویستی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت کردەوە.
نووسینگەی سەید حەکیم لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "سەرۆکی هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی سەید عەممار حەکیم، ئێوارەی ئەمڕۆ لە نووسینگەی خۆی لە بەغداد، پێشوازی لە ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق شێخ قەیس خەزعەلی کرد".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "هەردوولا گەشەسەندنەکانی دۆخی سیاسییان لە عێراق و ناوچەکەدا تاوتوێ کرد"، ئاماژە بەوەشدراوە: "جەختیان کردووەتەوە لەسەر پێویستی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت و ئامادەکردنی بەرنامەیەک کە چارەسەر بۆ ئەو تەحەددییانە لەخۆ بگرێت کە لەم قۆناغە و قۆناغی داهاتوودا ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە".
سەید حەکیم رایگەیاند: "پێویستە حکومەتی داهاتوو لە پێکهاتەکەیدا بەهێز و لێهاتوو بێت، و بەردەوام بێت لە بەهێزکردنی ڕێڕەوی خزمەتگوزاری کە حکومەتەکەی سوودانی هەنگاوی گەورەی تێدا ناوە".
لەسەر ئاستی ناوچەییش، هەردوولا داوایان کرد "ئاگربەستێکی هەمیشەیی لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران ڕابگەیەنرێت و کۆتایی بە ململانێکان بهێنرێت و بگەینە جۆرە ڕێککەوتنێک کە لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕازی بکات و سەروەری و بەرژەوەندی وڵاتان بپارێزێت".