بەغداد ـ INA
وەزارەتی پلاندانان، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستی کرد بە ئامادەکردنی کایەی وەزاری بۆ حکومەتی نوێ.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزیری پلاندانان بە وەکالەت، خالید بەتال نەجم، وەزارەتی پلاندانان دەستی کردووە بە ئامادەکارییەکان بۆ داڕشتنی کایەی وەزاری کە پێشکەش بە وەزیری نوێ لە حکومەتی داهاتوودا دەکرێت".
بەیاننامەکە ڕوونیکردەوە: "ماهر حەماد جۆهان بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری تەکنیکی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بە ئامادەکردنی کایەی وەزاری، بە ئامادەبوونی ڕاوێژکار عەلی مۆبەرقەع و سەرۆکانی دەستەی ئامار و سیستمە زانیارییە جوگرافییەکان، دەزگای ناوەندی بۆ پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری، سەنتەری نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی کارگێڕی و تەکنەلۆژیای زانیاری، دەستەی باوەڕپێکردنی عێراقی و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی فەرمانگەکانی ناوەندی وەزارەت".
رونیشیكردەوە: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە میکانیزمی ئامادەکردنی کایەی وەزاری و ناوەڕۆکەکەی کرا، کە پێشکەشکردنی کورتەیەکی ڕوون و تێروسەلمێن لەخۆدەگرێت بۆ ئەوەی یارمەتی وەزیری نوێ بدات لە تێگەیشتن لە دۆسیە گرنگەکان، ئاگاداری ئەو کارانە بێت کە لە ماوەی حکومەتی ئێستادا ئەنجامدراون، هەڵسەنگاندنی ئاستی کارکردن بکات، جگە لە خستنەڕووی ئامانجە سەرەکییەکانی وەزارەت و لە پێشینەکان و ئاراستە و مەبەستەکان، و ڕادەی توانای بەدیهێنانیان لە ماوەیەکی دیاریکراودا".
ئەوەشی خستە ڕوو: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پلانی کورتخایەنی وەزارەت کرا لە ماوەی (100) ڕۆژی یەکەمی تەمەنی حکومەتی داهاتوو، و پلانی مامناوەند، لەگەڵ پلانی ستراتیژی درێژخایەن، بەو شێوەیەی لەگەڵ کارنامەی وەزاری و بەرنامەی حکومی بگونجێت، لەگەڵ دەستنیشانکردنی دیارترین کێشە و تەحەددییەکانی بەردەم کارەکانی وەزارەت، جگە لە پێداچوونەوە بە دیارترین ئەو دەستکەوتانەی لە ماوەی حکومەتی ئێستادا لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومی و کارنامەی وەزاری بەدیهاتوون".