بەغدا – INA
چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمڕۆ سێشەممە، تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی وەزاری و میکانیزمەکانی یەکلاکردنەوەی شایستەکانی کرد، هاوکات جەختی کردەوە لەسەر پێویستی ئەوەی کە بڕیاری کۆتایی بۆ سەرۆک وەزیران جێبهێڵدرێت لە هەڵبژاردنی ئەندامانی تیمی وەزارییەکەیدا.
چوارچێوەی هەماهەنگی لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ سێشەممە (٢٨ی نیسانی ٢٠٢٦)، کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (٢٧٤)ی خۆی لە نووسینگەی عەبدولحوسێن موسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانی (النهج الوطني) ئەنجامدا، بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێکهێنانی حکومەتی چاوەڕوانکراو".
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "بەشداربووانی کۆبوونەوەکە باسیان لە پێکهێنانی کابینەی وەزاری و میکانیزمەکانی یەکلاکردنەوەی شایستە و هەڵبژاردنەکان کرد، بەجۆرێک ببێتە هۆی گەڵاڵەکردنی حکومەتێکی بەهێز کە توانای تێپەڕاندنی تەحەددییەکانی هەبێت، هاوکات جەختکرایەوە لەسەر گرنگی پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان و پێویستی جێهێشتنی بڕیاری کۆتایی بۆ سەرۆک وەزیران لە هەڵبژاردنی ئەندامانی تیمی وەزارەتەکەیدا".
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە "سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی شەراکەت و پێشخستنی بەرژەوەندی گشتی لە ڕێگەی توندوتۆڵکردنی هەڵبژاردنەکان بەپێی پێوەرەکانی دەستپاکیی، لێهاتوویی و بەرپرسیارێتی نیشتمانی، ئاماژەیان بە گرنگی گونجانی تیمی حکومەتی داهاتوو کرد بۆ تێپەڕاندنی قۆناغە سەختەکان و بەدیهێنانی خواستەکانی هەموو ڕۆڵەکانی گەلی عێراق".