بەغداد – INA
وەزارەتی کارەبا، ئەمڕۆ دووشەممە، فەرمانی بە ملاکەکانی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خراپیی بارودۆخی کەشوهەوا بکەونە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوەوە.
وەزارەت لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "خالید غەزای مەعازیدی، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردن، فەرمانی بە سەرجەم ملاکەکانی وەزارەت کردووە کە لەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشیدا بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و زریان و بارینی باران، هەروەها پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی ئەمینداریەتی بەغداد و فەرمانگە شارەوانییەکان لە سەرجەم پارێزگاکان."
بەپێی راگهیندراوهكه مەعازیدی، جەختی کردەوە لەسەر ڕەچاوکردنی بەردەوامیی پێدانی کارەبا بە پڕۆژەکانی ئاو، وێستگەکانی ئاوەڕۆ و ڕاکێشانی ئاوی باران، نەخۆشخانەکان و سەنتەرە تەندروستییەکان. هەروەها فەرمانی بە سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکان، بەڕێوەبەری لقەکان، وێستگەکان، تۆڕەکان، کەرتەکان و سەنتەرەکانی چاککردنەوە کردووە کە لە فەرمانگەکانیان ئامادە بن و چاودێری تۆڕەکان و هێڵەکانی گواستنەوە بکەن و ڕێگری بکەن لەو پچڕانانەی کە لەوانەیە بەهۆی هەورەبروسکە و زریانەوە ڕووبدەن، لەگەڵ بەدواداچوون بۆ دۆخی فیدەرەکان و گرنگیدان بە سکاڵای هاووڵاتییان.
هەروەها جەختی کردەوە لەسەر پێویستی گرنگیدانی تایبەت لەلایەن سەنتەرەکانی کۆنترۆڵەوە بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو هێڵانەی دەپچڕێن، تاوەکو ڕێگری بکرێت لە کۆبوونەوەی ئاوی باران لە شەقامەکاندا.
وەزارەت داوای لە سەرجەم هاووڵاتییان کرد کە دوور بکەونەوە لە ستوون و تەلەکانی کارەبا و لە کاتی بارانباریندا دەستیان لێ نەدەن، هەروەها بۆ پاراستنی سەلامەتی گشتی، هەر حاڵەتێکی نائاسایی بە نزیکترین سەنتەری چاککردنەوە ڕابگەیەنن.