بەغدا ـ INA – ویسام مەلا
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بازرگانی، دووبارە پەسەندکردنەوەی سەقفی ملیۆن و نیو دیناری بۆ بڕینی بەشەخۆراکی مانگانە ڕاگەیاند، هاوکات جەختی لە بڕینی بەشەخۆراکەکە لە 13 چینی خاوەن داهاتی بەرز کردەوە.
بریکاری وەزارەت، ستار جابری، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "بەشەخۆراکی مانگانە بۆ ئەو تاقمانە تەرخانکراوە کە شایستەن و خاوەن داهاتی کەم و سنووردارن، نەک بۆ خاوەن داهاتە بەرزەکان".
ئاماژەی بەوە کرد کە "پێویستە بەشەخۆراک بۆ شایستەکانی بێت لە چینە هەژارەکان، نەک بۆ خاوەن داهاتە بەرزەکان"، ڕوونیشیکردەوە کە "لە ساڵی 2021دا بڕیارەکان دەرچوون بۆ بڕینی بەشەخۆراک لە 13 چینی خاوەن داهاتی بەرز، ئەوانەی مووچەکانیان لە 1,500,000 دینار زیاترە، جگە لەو تاقمانەی وەک یەکێتی بەڵێندەران، خاوەن کۆمپانیاکان، پزیشکان، دەرمانسازان و بازرگانان".
ئاماژەی بەوەشکرد کە "حکومەت لە ساڵی 2022دا لە سەقفی ملیۆن و نیو پاشەکشەی کرد و بڕیاریدا بەرزی بکاتەوە بۆ 2,000,000 دینار و بەرەو سەر"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "بارودۆخی دارایی ئێستا و گوشاری خەرجییەکان، حکومەتی ناچار کردووە دووبارە بگەڕێتەوە بۆ پەسەندکردنی سەقفی ملیۆن و نیو دینار بۆ بڕینی بەشەخۆراک".
ڕوونیشیکردەوە کە "پڕۆسەی نوێکردنەوەی زانیارییەکانی کارتی بەشەخۆراک کە وەزارەت دەستی پێکردووە، بوونی ناوی مردووان، ناوی دووبارە و ناوی گەشتیارانی ئاشکرا کردووە، بەوپێیەی نزیکەی 5,000,000 ناو بڕدراون، ئەمەش یارمەتیدەر بووە لە بنیاتنانی بنکەیەکی زانیاری وردتر و تۆکمەتر".
ئاماژەی بەوەشکرد کە "چەندین چینی دیکەش بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، لە کاتێکدا لیژنەیەک لە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێکهێنراوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەخۆدەگرێت، بۆ بەدواداچوونی ئەو لایەن و دامەزراوانەی کە زانیاری وردیان نەداوە بە وەزارەت"، ئاماژەی بەوە کرد کە "هەر کەسێک مووچەکەی ملیۆن و نیو دینار و بەرەو سەر بێت، بەشەخۆراکەکەی دەبڕدرێت بەبێ ئەوەی کارتەکەی هەڵبوەشێتەوە، بڕیارەکەش فەرمانبەر و خێزانەکەی دەگرێتەوە بەپێی ڕێنماییەکانی ئەنجومەنی وەزیران".
ئاماژەی بەوە کرد کە "بڕیارەکە هەموو فەرمانبەران دەگرێتەوە، چ لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری بێت، یان خانەنشینان و هەموو فەرمانبەرانی دیکە".