بەغدا – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە ،هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، ڕێنماییدا بە خەرجکردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و برینداران کە لە ژمارەیەک پارێزگادا ڕاگیرابوون.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا ڕایگەیاند: کە ، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد کە تێیدا میوانداری "باسم بەدری " سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، و "عەبدولئیلا نائیلی"سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدان، و "ماهر حسێن ڕەشید "سەرۆکی دەستەی خانەنشینی کرا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: لە کۆبوونەوەکەدا، بە وردی تاووتوێی بابەتی ڕاگرتنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و برینداران لە چەند پارێزگایەکدا کرا، لەگەڵ هۆکارەکانی و ڕادەی یاساییبوونیان و ڕێگاکانی چارەسەرکردنیان بە پەلە.
وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە: دوای سەرنج و تێبینییەکانی پەرلەمانتاران، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕێنمایی دا بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کە دەستبەجێ ئەو مووچە ڕاگیراوانەی بەبێ بنەمای یاسایی ڕاگیراون خەرج بکرێن، ئەوەش دوای پێشکەشکردنی کەفیل لەلایەن سوودمەندبووانەوە، لەگەڵ بەردەوامبوونی لایەنی پەیوەندیدار لە ڕێکارەکانی وردبینی، هەروەها پێکهێنانی لیژنەیەک لە لێژنە تایبەتمەندەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بەدواداچوونی ڕێکارەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا.