پۆلیسی واشنتن ڕایگەیاند کە ئەو هێرشەی کرایە سەر ئەو هۆتێلەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای تێدا بوو، تەنها لەلایەن یەک کەسەوە ئەنجامدراوە.
وتەبێژی پۆلیسی ئەمریکا ڕایگەیاند: هیچ بەڵگەیەکمان لەبەردەست نییە کە هێرشبەرەکە لەلایەن هیچ لایەنێکەوە پاڵپشتی کرابێت، وا دیارە هێرشبەرەکە بە تەنیا کارەکەی ئەنجامداوە.
وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکرد :
کە تۆمەتبارەکە لای دەزگای پۆلیسی شارەکە ناسراو نەبووە،هەروەها ڕوونی کردەوە کە لە ئێستادا ناتوانرێت پاڵنەرەکانی گومانلێکراوەکە دیاری بکرێت، و وردەکارییەکان دواتر دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان بڵاودەکرێنەوە.
پۆلیس ئەوەشی خستە ڕوو کە پێدەچێت گومانلێکراوەکە یەکێک بووبێت لە میوانەکانی هۆتێلەکە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی سەرۆکایەتی ئەمریکا جەختی کردەوە کە هێرشبەرەکە دەستبەجێ دوای ئەوەی ویستوویەتی لە شوێنەکە نزیک ببێتەوە، دەستگیرکراوە.
لەم بارەیەوە، سەرۆکی شارەوانی واشنتن ڕایگەیاند کە چەکدارێکی تەنیا هەڵیکوتاوەتە سەر خاڵێکی سەر بە دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی لە ڕێڕەوی هۆتێلەکەدا، و لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی دەزگاکەوە ڕاگیراوە، هەروەها ئەگەری بوونی هەر کەسێکی دیکەی تێوەگلاو لە ڕووداوەکەدا ڕەتکردەوە.
سەرچاوە: ئاژانسەکان