بەدواداچوون - INA
تەلەفزیۆنی ناوەندی چین ڕایگەیاند کە زانایانی ئەو وڵاتە دوو کانزای نوێیان لەناو ئەو خاکەدا دۆزیوەتەوە کە کەشتیی ئاسمانی "Chang'e 5" لە مانگەوە هێناویەتییەوە.
بەڕێوەبەرایەتی نیشتمانی بۆشایی ئاسمانی چین ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوی "Changesite-(Ce)" و "Magnesiochangesite-(Ce)"یان لەو دوو پێکهاتە کیمیاییە سروشتییە ناوە کە لە خاکی مانگدا دۆزراونەتەوە.
هو تشنغ تشیان، توێژەر لە ئەکادیمیای زانستی چین و بەڕێوەبەری تاقیگەی نیشتمانی بۆ گەڕان لە قووڵایی زەوی، ڕایگەیاند: ئەم دۆزینەوەیە زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتەی ماددەکانی مانگ و چۆنیەتی دروستبوون و گەشەسەندنی مانگ.
هەروەک وتیشی : ئەمە یارمەتیمان دەدات بزانین چۆن ڕەگەزە دەگمەنەکان کۆدەبنەوە و دەبنە کانزا.
چین لە 24!ی تشرینی دووەمی 2020 کەشتیی "Chang'e 5"ی ڕەوانەی مانگ کرد،و دوای 23 ڕۆژ، کەشتییەکە بە نزیکەی 2 کیلۆگرام لە مانگەوە گەڕایەوە بۆ زەوی. زانایانی چین دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەو نمونانە کردووە تا لە داهاتوودا بۆ دروستکردنی بنکەیەکی زانستی لەسەر مانگ سوودی لێ ببینن.
ڕووسیا و چین پلانی خۆیان ڕاگەیاندووە بۆ دروستکردنی وێستگەیەکی زانستی لەسەر مانگ بە هاوکاری چەند وڵاتێکی تر،و لەم چوارچێوەیەدا،چین بەنیازی ڕەوانەکردنی چەند کەشتییەکی تری وەک Chang'e-6 و 7 و 8ـە بۆ مانگ،ڕووسیاش چەند کەشتییە بۆ خولگە و سەر ڕووی مانگ ڕەوانە دەکات.
سەرچاوە: ئاژانسەکان