بەغداد – INA
وەزارەتی کارەبا کاتی تەواوبوونی پڕۆژەی سەکۆی غازی شڵی دیاری کرد و جەختی کردەوە کە پڕۆژەکە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی داهاتوو دەکەوێتە گەڕ و توانای دابینکردنی 750 ملیۆن پێ سێجا غازی دەبێت لە ڕۆژێکدا.
"ئەحمەد موسا"وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕاگەیاند: کارەکان بۆ تەواوکردنی سەکۆی غازی شل بە خێرایی بەڕێوەدەچن و حکومەت ڕێکەوتی 1ی حوزەیرانی وەک کاتی کۆتاییهاتنی پڕۆژەکە دیاری کردووە.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕوونیشیکردەوە : ئەم سەکۆیە یارمەتیدەر دەبێت لە دابینکردنی بڕی 500 تا 750 ملیۆن پێ سێجا غاز لە ڕۆژێکدا.
هەروەک ئاماژەی بەوە کرد : کە گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای "ئێکسێلێرێت ئینێرجی" ئەمریکی واژۆ کراوە کە یەکێکە لە کۆمپانیا شارەزاکانی بواری وزە و غاز.
باسی لەوەشکرد : کە کۆمپانیاکە بەرپرسە لە تەواوکردنی وێستگەکە و دابینکردنی ئەو بڕە غازەی کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە لە هەر سەرچاوەیەک بێت.
وتیشی: کارەکان بەپێی خشتەی کاتی دیاریکراو بەردەوامن بۆ ئەوەی پڕۆژەکە لە کاتی خۆیدا تەواو بێت، ئەمەش بەشێکە لە پلانی وەزارەت بۆ دابینکردنی خواستی زۆر لەسەر کارەبا لە وەرزی هاویندا.