🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

ڤاکسینێکی تایبەت بۆ هەر نەخۆشێک.. ئومێدێکی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی پەنکریاس

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/04/24 14:50

بەدواداچوون - INA

ئەنجامەکانی کۆنگرەیەکی زانستی کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو، پێشکەوتنی ئومێدبەخشیان لە بواری چارەسەرکردنی شێرپەنجەی پەنکریاسدا ئاشکراکرد، ئەویش لە ڕێگەی ڤاکسینێکی تاقیکارییەوە کە بە تایبەت بۆ هەر نەخۆشێک دروستدەکرێت و ئێستا لە قۆناغەکانی تاقیکردنەوەی پزیشکیدایە.

شێرپەنجەی پەنکریاس بە یەکێک لە مەترسیدارترین جۆرەکانی شێرپەنجە دادەنرێت، چونکە زۆربەی کات لە قۆناغی کۆتاییدا دەدۆزرێتەوە، هەروەها نزیکەی 87%ی تووشبووان دوای دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە زیاتر لە پێنج ساڵ ناژین، ئەمەش وایکردووە بۆ چەندین دەیەی ڕابردوو ببێتە یەکێک لە قورسترین شێرپەنجەکان بۆ چارەسەرکردن.

سەرەڕای پێشکەوتنی پزیشکی، ڕێژەی ڕزگاربوون بۆ ماوەیەکی درێژ باشتربوونێکی گەورەی بەخۆوە نەبینیوە، بەڵام توێژینەوە نوێیەکان دەستیان کردووە بە کردنەوەی ڕێگەی چارەسەری نوێ، کە دیارترینیان ڤاکسینە چارەسەرییە تایبەتەکانە.

چارەسەرە نوێیەکە پشت بە تەکنەلۆژیای ڤاکسینی MRNA دەبەستێت، کە تێیدا ڤاکسینێکی تایبەت بۆ هەر نەخۆشێک دروست دەکرێت بەپێی ئەو ماددە بۆماوەییەی کە لە وەرەمەکە وەردەگیرێت دوای ئەوەی بە نەشتەرگەری لادەبرێت،و ئامانجی ئەم ڕێگەیە ڕاهێنانی کۆئەندامی بەرگرییە بۆ ناسینەوەی خانە شێرپەنجەییەکان و پێکانیان بە وردی، لەگەڵ ئەگەری هێشتنەوەی ئەم یادەوەرییە بەرگرییە بۆ ماوەیەکی درێژ.

لە قۆناغی یەکەمی تاقیکردنەوە پزیشکییەکاندا، کە لەسەر 16 نەخۆشی تووشبوو بە شێرپەنجەی پەنکریاس ئەنجامدرا (ئەوانەی دەکرا نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت)، نەخۆشەکان دوای نەشتەرگەرییەکە ڤاکسینەکەیان وەرگرت لەگەڵ چارەسەری بەرگری و چارەسەری کیمیایی.

ئەنجامەکان دەریانخست کە هەشت نەخۆش وەڵامدانەوەیەکی بەرگری بەهێزیان دروستکردووە، ئەمەش واتە چالاککردنی خانە تاییەکان (T cells) لە دژی شێرپەنجەکە،لەنێو ئەمانەدا، حەوت کەسیان بە تەندروستییەکی باشەوە لە ژیاندا ماونەتەوە تا شەش ساڵ دوای چارەسەرەکە، لە کاتێکدا تەنها دوو کەس لەوانەی وەڵامدانەوەیان نەبووە ڕزگاریان بووە.

پزیشک فینود بالاشاندران لە ناوەندی Memorial Sloan Kettering Cancer لەکاتی خستنەڕووی ئەنجامەکان لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ توێژینەوەی شێرپەنجە وتی: دوای شەش ساڵ لە بەدواداچوون، هێشتا نزیکەی 90%ی ئەو نەخۆشانەی وەڵامدانەوەی بەرگرییان هەبووە لە ژیاندا ماون، ئەمەش کارێکی زۆر ئومێدبەخشە.

لە نێو بەشداربووەکاندا، نەخۆشێک هەبوو کە لە تەمەنی 66 ساڵیدا نەخۆشییەکەی تێدا دەستنیشانکرابوو و نۆ ژەمە ڤاکسینی وەرگرتبوو، ئەو ئەمڕۆ تەمەنی 72 ساڵە و تەندروستییەکی باشی هەیە، ئەو ئەزموونی خۆی بە "موعجیزە بە هەموو مانایەک" وەسف کردووە. هەروەها هەندێک لە نەخۆشە ڕزگاربووەکان ئاماژەیان بە باشتربوونی گەورە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا کردووە دوای چارەسەرەکە و گەڕانەوەیان بۆ ئەنجامدانی ژیانی ئاسایی خۆیان بە شێوەیەکی تەواو.

سەرەڕای ئەم ئەنجامە ئەرێنییانە، توێژەران جەخت دەکەنەوە کە چارەسەرەکە هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکاندایە، و بەکارهێنانی هێشتا تەنها بۆ ئەو حاڵەتانەیە کە نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت، کە ئەمانەش ڕێژەیەکی کەمی نەخۆشانی شێرپەنجەی پەنکریاسن، چونکە نزیکەی 90%ی نەخۆشەکان لە قۆناغی زۆر پێشکەوتوودا نەخۆشییەکەیان دەدۆزرێتەوە کە ڕێگە بە نەشتەرگەری نادات.

شارەزایان هۆشدارییان دا لە گەشبینی زۆر، دکتۆر برایان وۆڵبین لە پەیمانگای Dana-Farber Cancer دەڵێت : دەبێت واقیعی بین، چونکە ئەمە چارەسەرێکی گشتگیر نییە بۆ هەموو نەخۆشەکان.

توێژەران پێیان وایە توانای ئەم ڕێگەیە بۆ هاندانی کۆئەندامی بەرگری بۆ ناسینەوەی گۆڕانکارییە شێرپەنجەییەکان و هێرشکردنە سەریان، ڕەنگە ببێتە وەرچەرخانێکی گرنگ لە چارەسەرکردنی شێرپەنجەدا، بەتایبەت لەگەڵ بەردەوامبوونی پەرەپێدانی تاقیکردنەوە پزیشکییەکان، کە ئێستا لە قۆناغی دووەمدا لەسەر ئاستی جیهان تاقیکردنەوەی بۆ دەکرێت. توێژەران هیوادارن ئەم شێوازە یارمەتیدەر بێت لە باشترکردنی هەلی چارەسەری شێرپەنجەی پەنکریاس و ڕەنگە لە داهاتوودا دەرگا بۆ بەکارهێنانی لەسەر جۆرەکانی تری شێرپەنجەش بکاتەوە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)