بەغداد - INA
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستپێکردنی قۆناغی تۆماری بایۆمەتری لە بیستی نیسانی ئەم مانگەدا ڕاگەیاند، و جەختیکردەوە: لەدایکبوانی ساڵی ٢٠٠٨ پڕۆسەکە دەیانگرێتەوە، هەروەها وردەکاریی ڕێکارەکانی حاڵەتەکانی تۆمارکردن، زیادکردن، ڕاستکردنەوە و سڕینەوەی ڕوونکردەوە.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕاگەیاند: "بە ئاماژەدان بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمیسیاران، بڕیاردرا بە دەستپێکردنی قۆناغی تۆماری بایۆمەتری لە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٦، بە مەبەستی ڕێکخستنی کارەکان و تۆمارکردنی دەنگدەران لە ١٠٧٩ بنکەی تۆمارکردن کە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا بڵاوکراونەتەوە."
وتیشی: "پڕۆسەی تۆمارکردن بۆ یەکەمجار ئەو دەنگدەرانە دەکاتە ئامانج کە زانیارییەکانیان لە بنکەی زانیارییەکانی تۆماری دەنگدەراندا هاتووە و پێشتر تۆمار نەکراون، لەگەڵ لەدایکبوانی ساڵی ٢٠٠٨ کە تۆماری بایۆمەتری ئەمساڵ دەیانگرێتەوە"، ڕوونیشیکردەوە: "ڕێکارەکان بریتین لە وەرگرتنی زانیارییەکان (پەنجەمۆری دە پەنجەکە و وێنەی کەسی)، لەگەڵ پێشکەشکردنی بەڵگەنامە سەلمێنەرەکان کە تەنها بریتین لە (کارتی زانیاری، کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو و فۆرمی خۆراک)، و ناسنامەی باری شارستانی یان ڕەگەزنامە وەرناگیرێن."
غەلای ڕوونیکردەوە: "حاڵەتی زیادکردن بۆ ئەوانەی فۆرمی خۆراکیان هەیە، پێویستی بە کارتی نیشتمانی و فۆرمی خۆراک (دەرچووی ٢٠٢١ کاغەز یان ئەلیکترۆنی) هەیە، بەجۆرێک دەنگدەر بنکەی دەنگدان لەناو پارێزگاکەی خۆیدا هەڵدەبژێرێت کە لە فۆرمی خۆراکەکەدا ئاماژەی پێکراوە"، وتیشی: "لە حاڵەتی نەبوونی فۆرمی خۆراکدا، مامەڵە لەگەڵ دەنگدەر دەکرێت بەپێی زانیارییەکانی باوک و دایک لە بنکەی زانیارییەکاندا، بە بەکارهێنانی ژمارەی خێزان و بنکەی خۆراکی ئەوان بۆ دیاریکردنی بنکەی دەنگدان."
ئاشكراشیكرد: "لە حاڵەتی نەبوونی کارتی زانیاری بۆ دایک و باوک، دەنگدەر بەپێی زانیارییەکانی کارتی نیشتمانی و کارتی نیشتەجێبوون تۆمار دەکرێت، و مافی هەیە ئەو بنکەیەی کە دەیەوێت لێی دەنگ بدات هەڵیبژێرێت لەناو ئەو پارێزگایەی لە کارتی نیشتەجێبوونەکەیدا هاتووە."
وتەبێژی کۆمیسیۆن ڕایگەیاند: "پڕۆسەی ڕاستکردنەوە بۆ زانیارییەکانی (ناو، ساڵی لەدایکبوون، یان وێنە) ڕێپێدراوە دوای پێشکەشکردنی تەنها کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو و فۆرمی خۆراک و کارتی نیشتەجێبوون، و ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پێشتر تۆمارکراون یان لەدایکبوانی ساڵی ٢٠٠٨ن"، ئاماژەی بەوەشدا کە "ڕێگە دەدرێت بە ڕاستکردنەوەی ناوە لێکدراوەکان و نوێکردنەوەی ئەو وێنانەی ڕوون نین یان ئەوانەی باریان لە دەنگدانی تایبەتەوە گۆڕاوە بۆ گشتی."
سەبارەت بە حاڵەتەکانی سڕینەوە، غەلای جەختیکردەوە: "دەکرێت لە هەر بنکەیەکی تۆمارکردن ئەنجام بدرێت کاتێک بەڵگەنامەی سەلمێنەری کۆچی دوایی (بڕوانامەی كۆچكردوو، وێنەی قەید، یان قەسامی شەرعی) لەلایەن کەسوکاری کۆچکردووەوە پێشکەش بکرێت، لەگەڵ وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری کۆچکردووەکە تەنها لەم حاڵەتەدا."
لەبارەی هێزە ئەمنییەکانەوە، غەلای دەڵێت: کە "تۆمارکردن ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پێشتر تۆمار نەکراون و زانیارییەکانیان نوێ دەکرێتەوە بەپێی ڕێکارەکانی تۆماری گشتی"، وتیشی: "گۆڕین لە گشتییەوە بۆ تایبەت مەرجی هەبوونی ژمارەی ئاماری بۆ کارمەندەکە هەیە، بەڵام گۆڕین لە تایبەتەوە بۆ گشتی خانەنشینان و دەستلەکارکێشاوەکان دەگرێتەوە، بە مەرجێک بەڵگەی پێویست پێشکەش بکەن."
ئاماژەی بەوەشکرد: "ڕێگە نادرێت بە گۆڕینی شوێن (لەناو پارێزگا یان بۆ دەرەوەی پارێزگا) لەم قۆناغەی ئێستای تۆماری بایۆمەتریدا، و لە قۆناغەکانی داهاتوودا بەپێی بڕیارەکانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران دەکرێتەوە."
غەلای جەختیکردەوە: "کۆمیسیۆن تەنها کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو و فۆرمی خۆراک و کارتی نیشتەجێبوون لە هەموو حاڵەتەکاندا پەسەند دەکات، و کارتی دەنگدەر وەرناگیرێتەوە لە حاڵەتەکانی ڕاستکردنەوە یان گۆڕینی بار لە نێوان گشتی و تایبەت، تەنها لە حاڵەتی سڕینەوەدا نەبێت"، دووپاتیشیکردەوە: "ئەو دەنگدەرانەی نیشتەجێی دەرەوەی پارێزگاکانی خۆیانن، بەپێی زانیارییەکانی پارێزگا بنەڕەتییەکەی خۆیان تۆمار دەکرێن."
داواشی كرد لە "لەدایکبوانی ساڵی ٢٠٠٨ و ئەوانەی تۆمار نەکراون و ئەوانەی ئارەزووی زیادکردن یان ڕاستکردنەوە یان هەواڵدان لەسەر کۆچكردووان دەکەن"، سەردانی ١٠٧٩ بنکەی تۆمارکردن بکەن لە ماوەی کاتژمێرەکانی دەوامی فەرمیدا، چونکە ستاف و بنکەکان لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ پێشوازیکردن لێیان.