بەغداد - INA
جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران عەدنان فەیحان دلێمی، ئەمڕۆ چوارشەممە، پشتگیری عێراق (حکومەت و گەل)ی بۆ لوبنان دووپات کردەوە، و سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییانەی کرد کە لەلایەن هێزەکانی داگیرکەری (ئیسرائیل)ەوە لەناو خاکەكەیدا ئەنجام دەدرێن.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران عەدنان فەیحان دلێمی، لە نووسینگەی خۆی پێشوازی لە خەلیل عەبدوڵا محەمەد، باڵیۆزی لوبنان لە عێراق کرد."
بەیاننامەکە راشیگەیاند: "لە میانی دیدارەکەدا، باس لە دوایین گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی لوبنان و ناوچەکە کرا، جگە لە پێداچوونەوە بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕێگاکانی پەرەپێدان و بەهێزکردنی هاوکارییە هاوبەشەکان لە بوارە جیاوازەکاندا."
بەپێی بەیاننامەکە فەیحان جەختیکردەوە لەسەر "پشتیوانی عێراق، بە حکومەت و گەلەوە بۆ وڵاتی لوبنانی برا، و سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییانەی کرد کە لەلایەن هێزەکانی داگیرکەری زایۆنییەوە لەناو خاکی لوبنانییەکاندا ئەنجام دەدرێن، کە بە شێوەیەکی ڕوون دژ بە پەیماننامە و عورف و یاسا نێودەوڵەتییەکانن"، ئاماژەشی بە "ئامادەیی عێراق کرد بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتییەک بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەینەتییەکانی گەلی لوبنان."