دوای پەنجا و چوار ڕۆژ، هێشتا دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت لە ئێران ڕووبەڕووی سنووردارکردنی بەرفراوان یان پچڕانی تەواوەتییە. دۆخێک کە بە وتەی دامەزراوەکانی چاودێری ئینتەرنێت، یەکێکە لە درێژترین ماوەکانی پچڕانی پەیوەندییەکان لەم ساڵانەی دواییدا لە ئێران.
بە پێی ڕاپۆرتی نێتبڵۆکس کە ڕۆژی چوارشەممە 22ی مانگی چوار بڵاویکردووەتەوە، ئێران بە کۆی گشتی زیاتر لە 1272 کاتژمێر لە دۆخی پچڕان و تێکچوونی بەرفراوانی ئینتەرنێتدا بووە.
ئەم دامەزراوەیە ڕایگەیاندووە ئەم سنووردارکردنانە هێشتا بەردەوامن و بەشێکی زۆری بەکارهێنەران لە ئێران لە دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتی جیهانی بێبەشن.
نێتبڵۆکس ئەم دۆخەی بە «نەگونجاو و زۆر توند» ناودێر کردووە و ئاگاداری داوە کە بەردەوامبوونی دەتوانێت ڕەوشی گواستنەوەی ئازادی زانیاری تێکبدات.
ڕاپۆرتەکان نیشان دەدەن کە ئەم سنووردارکردنانە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئابووری دیجیتاڵی ئێرانیش هەبووە؛ لەوانەش تێکچوونی کاروبارە ئۆنلاینەکان، خزمەتگوزارییە دیجیتاڵەکان.
هەڵسەنگاندنە ئابوورییەکان باس لە زیانی ڕۆژانەی بەرچاو دەکەن لەم بوارەدا کە ئەگەر بەردەوام بێت، دەتوانێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەی بوارەکانی تەکنەلۆجیا و خزمەتگوزاری هەبێت.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە ئەم سنووردارکردنانە بەهۆی دۆخی ئاسایشی و ژینگەی نالەبار جێبەجێ کراون.