بەغدا – INA
وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ سێشەممە، هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستانەی بودجەی سێ ساڵەی ڕەتکردەوە کە ژمارەیان 150 هەزار پلەی وەزیفییە.
وەزارەتەکە لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "ئەو هەواڵانەی باس لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی بودجەی سێ ساڵە دەکەن کە ژمارەیان سەد و پەنجا هەزار پلەی وەزیفییە، هەواڵی نادروستن و دوور له ڕاستین"، ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئەوەی دەگوترێت تەنها پەیوەندی بە گرێبەستەکانی پارێزگای کەرکووکەوە هەیە، ئەویش بەهۆی ئەوەی پارێزگاکە ئەو خشتە و زانیارییانەی نەناردووە کە پێشتر فەرمانگەی بودجە داوای کردبوو."
ههروهها ئهوهیش هاتووه كه: "فەرمانگەی بودجە نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی پارێزگای کەرکووک کردووە بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە ناوەڕۆکی گرێبەستەکان کە ژمارەیان (7304) گرێبەستە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ڕوونکردنەوەی بنەمای یاسایی بۆ دامەزراندنیان و دابینکردنی هەموو فەرمانە کارگێڕییەکانی تایبەت بە دامەزراندن و دەستبەکاربوون بۆ وەزارەت، تاوەکو دڵنیایی بدرێت لەوەی کە هاوتای یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکانن."
وەزارەتی دارایی جەختی لەسەر "پابەندبوونی خۆی بە تەواوکردنی هەموو ڕێکارەکان سەبارەت بەو گرێبەستانە کردەوە، هەر کە لایەنە پەیوەندیدارەکان زانیارییە یاساییە داواکراوەکانیان تەواو کرد"، هاوکات داوای لە هاوڵاتیان کرد "بەدوای دەنگۆکان نەکەون و تەنها پشت بە هەواڵەکان ببەستن کە لە سەکۆ فەرمییەکانی سەر بە وەزارەتەوە بڵاو دەکرێنەوە."