ئەنبار – INA – ئەحمەد دلێمی
ئەمڕۆ دووشەممە، حکومەتی خۆجێی لە پارێزگای ئەنبار، تەواوکردنی بەڵگەنامە و خەمڵاندنە تایبەتەکانی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەنباری ڕاگەیاند، ئاماژەی بەوەشکرد کە فڕۆکەخانەکە دوای تەواوبوونی دەبێتە پاڵپشت بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا و ناوەندێک بۆ گواستنەوەی کاڵای ئاسمانی.
وتەبێژی حکومەتی ئەنبار، موئەیەد خەلەف دلێمی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "جێبەجێکردنی پڕۆژەکە پێویستی بە ماوەیەکی زەمەنی هەیە کە لە نێوان سێ بۆ چوار ساڵ دەبێت، هەر لەگەڵ تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆی".
ئاماژەی بەوەشکرد کە "پڕۆژەکە لە ئێستادا ڕاوەستاوە و چاوەڕێی تەرخانکردنی بودجەیە"، ڕوونیشیکردەوە کە "قۆناغی یەکەم بە سەرکەوتوویی تەواو بووە و ئامادەکردنی نەخشە بنەڕەتییەکان و دروستکردنی پەرژینێکی ئەمنی بە درێژایی 17 کیلۆمەتر لە دەوری ڕووبەری فڕۆکەخانەکە کە 6000 دۆنمە گرتووەتەوە، لەگەڵ بەهێزکردنی بە تاوەرەکانی چاودێری و ڕێگایەکی خزمەتگوزاری ناوخۆیی، جگە لە تەواوکردنی دیزاینەکان لەلایەن نووسینگەیەکی ڕاوێژکاری تورکی پسپۆڕ و وردبینیکردنی لەلایەن نووسینگەیەکی بەریتانی پەسەندکراو لای دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانی".
باسی لەوەشکرد کە "پڕۆژەکە لە ئێستادا لە چوارچێوەی پلانەکانی وەزارەتی پلاندانان دایە و چاوەڕێی دابینکردنی داراییە لە بودجەی داهاتوودا بۆ دەستپێکردنی کردەیی بە پڕۆسەی بونیادنان"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "فڕۆکەخانەکە وەک کۆڵەکەیەکی ستراتیژی دەبێت بۆ پاڵپشتیکردنی ڕێڕەوەکانی گەشەپێدان و دەبێتە پاڵپشت بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بە جەختکردنەوە لەسەر جووڵەی گواستنەوەی کاڵای ئاسمانی و گواستنەوەی سەرنشینان".
ئاشکراشی کرد کە حکومەتی خۆجێی ئاڕاستەی هەیە بۆ بەشدارپێکردنی کەرتی تایبەت و ڕاکێشانی کۆمپانیا جیهانییە پسپۆڕەکان بۆ مسۆگەرکردنی بەڕێوەبردن و کارپێکردنی فڕۆکەخانەکە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، بەو شێوەیەی کە لەگەڵ دیدگای پارێزگاکە دەگونجێت بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتەکانی گواستنەوە، وزە و پیشەسازی لە چوارچێوەی پلانێکی گشتگیری داهاتوودا کە ئەنبار دەخاتە ڕیزی شارە پێشکەوتووەکانەوە.