بەغدا - INA - محەمەد تالبی
ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی کەشناسی، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە سەبارەت بە (دزینی هەورەکان) بڵاوبوونەتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم قسانە هیچ بنەمایەکی زانستییان نییە، هاوكات دووپاتی کردەوە کە پڕۆژەی بارانبارینی دەستکرد تاوەکو ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی کەشناسی، عامر جابری، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "ئەوەی لە میدیاکاندا سەبارەت بە ناوێک بەناوی (دزینی هەورەکان) بڵاودەکرێتەوە، پشت بە هیچ بنەمایەکی زانستی نابەستێت و لە ڕاستییەوە دوورە".
وتیشی: "ئەو هەواڵانەی لە هەندێک لاپەڕەدا سەبارەت بە دزینی هەورەکان یان دەستکاریکردنی کەشوهەوا بڵاودەکرێنەوە، زانیاری نادروستن"، داواشی لە هاووڵاتییان کرد کە "پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پەسەندکراو ببەستن بۆ دەستکەوتنی زانیاری ڕاست".
سەبارەت بە تەکنیکەکانی بارانبارینی دەستکرد، جابری ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەم دۆسیەیە یەکێکە لە پڕۆژە گەورەکان، و لە ساڵی 2024دا بەرنامەیەک لەمبارەیەوە لەلایەن دەستەکەوە پێشنیار کرا و پێشکەش بە وەزارەتی گواستنەوە و پاشان سکرتارییەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران کرا، لەوێش لیژنەیەک لە شارەزایان بۆ لێکۆڵینەوە لێی پێکهێنرا".
ڕوونیشیکردەوە: "جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی لەو شێوەیە پێویستی بە توانای گەورە هەیە، لەوانە فڕۆکەی تایبەت بۆ چاودێریکردن و بارانبارین، و تیمی پسپۆڕ، جگە لە پاڵپشتی دارایی و تەکنیکی فراوان"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "لێکۆڵینەوەکە هێشتا لای لایەنە پەیوەندیدارەکانە و تاوەکو ئێستا دەست بە جێبەجێکردنی نەکراوە".
باسی لەوەش کرد: "هەندێک لەو دەوڵەتانەی تەکنیکەکانی بارانبارینی دەستکردیان جێبەجێ کردووە، ڕووبەڕووی تەحەدی بوونەتەوە لە کۆنترۆڵکردنی بڕی بارانەکەدا، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەم بوارە پێویستی بە پلاندانانی ورد و شارەزاییەکی بەرز هەیە".