بەغدا – INA – محەمەد تالبی
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بازرگانی، کارپێکردنی 78 پێگەی بۆ وەرگرتنی بەرهەمی گەنم ڕاگەیاند، هاوکات هۆشداری دا لە هەر دەستکارییەکی بەرهەمەکە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە، حەیدەر نووری گەرعاوی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "78 پێگە بۆ وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ خراونەتە گەڕ"، ئاماژەی بەوەش کرد "پێگەی نوێی گەورە لە موسەنا و کەربەلای پیرۆز کراونەتەوە کە توانای کۆگاکردنیان زیاتر لە 340 هەزار تەنە".
ڕوونیشیکردەوە، "کۆمپانیاکە دەیان (بەنکەر/ کۆگای کاتی) لە نەینەوا و سەڵاحەدین و پارێزگاکانی دیکە دروستکردووە، بە مەبەستی داپۆشینی تەواوی ڕووبەرە چێنراوەکان".
گەرعاوی هۆشداری دا بەو کەسانەی دەستکاری گەنمەکە دەکەن یان ئەو بازرگانانەی هەوڵ دەدەن (گەنمە کۆنەکە) لەگەڵ بەرهەمە نوێیەکەدا تێکەڵ بکەن، جەختیشی کردەوە کە "پشکنینە تاقیگەییەکان زۆر وردن لە دۆزینەوەی جیاوازییەکانی شێ و تووشبوون بە مێروو".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "لایەنە پەیوەندیدارەکان سزای توند دەگرنە بەر کە ساڵی ڕابردوو دژی سەرپێچیکاران کارا کرابوو، ئەمەش بۆ ڕێگریکردن لە هەر دەستکارییەک لەو بڕە گەنمەی ڕادەستی سایلۆکان دەکرێت".
باسی لەوەش کرد کە "بارودۆخی کەشوهەوا، بەتایبەتی بەردەوامی سەرما و بارانبارین، بووەتە هۆی دواکەوتنێکی ڕێژەیی لە دەستپێکردنی پڕۆسەی دروێنە"، پێشبینیشی کرد "لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا دەست پێ بکات".
دووپاتیشی کردەوە کە "تاقمە تەکنیکی و کارگێڕییەکان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ دەستپێکردنی وەرگرتنی گەنم بە شێوەی ڕۆژانە و لە کاتژمێر 5ی بەیانییەوە، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی دروێنە".