بەغدا - INA
ئەمڕۆ دووشەممە ، سەرۆکی لیژنەی حکومیی ڕاسپێردراو بۆ بەدواداچوونی باری برینداران و بنەماڵەی شەهیدان، لیوا فڕۆکەوان تەحسین خەفاجی، سەردانی ژمارەیەک لە بنەماڵەی شەهیدانی لە ماڵەکانی خۆیان لە بەغدای پایتەخت کرد، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، محەمەد شیاع سودانی جەختی لە وەفاداری بۆ بنەماڵەی شەهیدان کردووەتەوە لە ڕێگەی سەردانی مەیدانی و پاڵپشتی بەردەوام.
وەزارەتی بەرگری لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە: "بە ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی لیژنەی حکومیی ڕاسپێردراو بۆ بەدواداچوونی باری برینداران و بنەماڵەی شەهیدان، لیوا فڕۆکەوان تەحسین ئیبراهیم خەفاجی، سەردانی ژمارەیەک لە بنەماڵەی شەهیدانی لە ماڵەکانی خۆیان لە ناوچە جیاجیاکانی بەغدای پایتەخت کرد، کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییانەدا شەهید ببوون".
ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "لە کاتی سەردانەکەدا، سەرۆکی لیژنەکە بە نوێنەرایەتی سەرۆک وەزیران پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان کرد و سڵاو و هاوخەمی ئەوی پێ گەیاندن"، جەختیشی کردەوە کە "قوربانیدانی شەهیدان هەمیشە جێگەی پێزانین و شانازیی حکومەتی عێراق دەبێت، هەروەها لە نزیکەوە ئاگاداری باری خێزانەکان و پێداویستییەکانیان بوو، و ئەو دیارییانەی پێدان کە لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە بۆیان تەرخانکرابوو؛ وەک وەفایەک بۆ قوربانیدانی شەهیدان لە ئەنجامدانی ئەرکی نیشتمانیدا".
لای خۆیانەوە، کەسوکاری شەهیدان ستایشی "ئەم بایەخپێدانەیان کرد کە ڕەنگدانەوەی پەرۆشیی حکومەتە بۆ چاودێریکردنی بنەماڵەی شەهیدان و نرخاندنی قوربانیدانەکانیان، و جەختیان لە شانازی خۆیان بەم هەڵوێستە مرۆیی و نیشتمانییە کردەوە".