بەغداد – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە "نزار ئامێدی"سەرۆککۆمار ،جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی کارە پەرلەمانییەکان و چڕکردنەوەی هاوکارییەکانی نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران کردەوە، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە دەرکردنی ئەو یاسایانەی خزمەت بە پێداویستییەکانی بژێوی و خزمەتگوزاریی هاوڵاتیان دەکەن.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا ڕایگەیاند: "نزار ئامێدی"سەرۆککۆمار ،لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە وەفدێکی هاوپەیمانی (خزمەتگوزاری - خدمات) کرد بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار *کازم شمەری*کە پیرۆزبایی هەڵبژاردنی وەک سەرۆککۆمار لێکرد.
وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە:
سەرۆککۆمار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەست و سۆزی وەفدەکە دەربڕی، و جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی هەماهەنگی نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمان بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسایانەی کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی هاوڵاتیان هەیە.
بەگوێرەی بەیاننامەکە : لە کۆبوونەوەکەدا "هەرێم کەمال ئاغا" سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی فراکسیۆنەکە ئامادە بوون.