بەغداد – INA – ئەمنە سەلامی
وەزارەتی پلاندانان، ئەمڕۆ هەینی، وردەکاریی ئەو پلانە پێنج ساڵەیەی ئاشکرا کرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) ئامادەی دەکات بە مەبەستی برەودان بە گەشەپێدانی بەردەوام لە عێراقدا.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان عەبدولزەهرە هینداوی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "وەزارەت بە هاوکاری لەگەڵ بەرنامەی خۆراکی جیهانی کار دەکات بۆ ئامادەکردنی پلانێکی پێنج ساڵە کە چوارچێوەیەکی ستراتیژیی کورتخایەن و مامناوەندە، ئامانج لێی گواستنەوەیە لە چارەسەرە کاتییەکانەوە بۆ گەشەپێدانێکی بەردەوام کە پشت بە سیستمە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەبەستێت، بە جۆرێک بگونجێت لەگەڵ کارە لەپێشینەکانی گەشەپێدانی عێراق کە لە ناو پلانی گەشەپێدانی نیشتمانی بۆ ساڵانی ٢٠٢٤-٢٠٢٨ دیاریکراون."
ڕوونیشیکردەوە: "پلانەکە وەک بەرنامەیەکی هاوکاریی هاوبەش لە نێوان حکومەتی عێراق و بەرنامەی خۆراکی جیهانی دادەنرێت، تیشک دەخاتە سەر گونجاندنی پڕۆژەکانی بەرنامەکە لەگەڵ پلانەکانی گەشەپێدانی نیشتمانی، جگە لە گواستنەوە لە پاڵپشتی فریاگوزارییەوە بۆ پاڵپشتیکردنی سیستمە حکومییە بەردەوامەکان، و کارکردن لە چوارچێوەیەکی ستراتیژیدا کە ئاسایشی خۆراک و پاراستنی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی ئابووری بەهێز بکات."
هینداوی دەڵێت: "پلانەکە ڕێکخستنی بەرنامەکانی پاڵپشتی ئاسایشی خۆراک و باشترکردنی بەڕێوەبردنی ماددە خۆراکییەکان دەگرێتەوە، لەگەڵ پەرەپێدانی سیستمەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی، لەوانە سەبەتەی خۆراک و بنکەی زانیارییەکان، جگە لە پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدانی گوندنشین و کشتوکاڵی، و پەیڕەوکردنی گۆڕانکاریی دیجیتاڵی لە بەڕێوەبردنی زانیاری و خزمەتگوزارییەکاندا." و وتیشی: "پلانەکە چەندین کەرت دادەپۆشێت، لەوانە ئاسایشی خۆراک، پاراستنی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی ئابووری خۆجێیی، بێجگە لە گۆڕانکاریی دیجیتاڵی و کارگێڕی، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت لە بەدیهێنانی بەردەوامی و بەرزکردنەوەی کارایی ئەدای حکومی."
لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: "ئەم هەوڵانە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری، باشترکردنی ئاستی داهاتی توێژە کەم دەرامەتەکان، چالاککردنی کەرتی کشتوکاڵ، هەروەها بەرزکردنەوەی کارایی خەرجییەکانی حکومەت و ڕاکێشانی دارایی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ بەرنامەی خۆراکی جیهانی، کە ئەمەش سەقامگیریی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە عێراقدا بەهێزتر دەکات."