بەغداد – INA
دەستەی کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی، وردەکاریی دۆخی کەشوهەوای وڵاتی بۆ ڕۆژانی داهاتوو ڕاگەیاند و پێشبینی بارانبارین و دروستبوونی هەورەبرووسکە و بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵی کرد.
لە بەیاننامەیەکی دەستەکەدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە، هاتووە: "سبەی شەممە کەشوهەوا هەوراوی دەبێت، لەگەڵ بارینی بارانی سوک بۆ مامناوەند لە بەیانییەوە کە لە ناوچە ڕۆژئاواییەکانەوە دەست پێدەکات و هەورەبرووسکەی لەگەڵدا دەبێت. دوای نیوەڕۆ، دەرفەتی بارانبارین فراوانتر دەبێت بۆ زۆربەی شارەکانی وڵات لەگەڵ ئەگەری دروستبوونی هەورەبرووسکە. با بە خێراییەکی مامناوەند دەبێت و لە ناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای وڵات چالاک دەبێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ. پلەکانی گەرماش لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور کەمێک بەرز دەبنەوە و لە ناوچەی باکووریش نزیک دەبن لەوەی ڕۆژی پێشوو تۆمارکراوە."
هەروەها بەیاننامەکە ئاماژەی بەوە کردووە: کە بەرزترین پلەکانی گەرما بۆ سبەی شەممە لە پارێزگاکانی عێراق بەم شێوەیە دەبێت: دهۆک و سلێمانی: 21 پلە، هەولێر: 23 پلە، نەینەوا: 24 پلە، کەرکوک: 25 پلە، ئەنبار و سەڵاحەددین: 27 پلە، دیالە: 28 پلە، بابل: 34 پلە، بەغدا، کەربەلا، دیوانییە و واسیت: 35 پلە، نەجەف، زیقار و میسان: 36 پلە، موسەنا و بەسرا: 37 پلە دەبێت.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە: "ڕۆژی یەکشەممە کەشوهەوا هەوراوی دەبێت لەگەڵ نمەبارانی سوک بۆ مامناوەند کە هەندێک جار هەورەبرووسکەی لەگەڵدا دەبێت لە ناوچەی باکوور و بەشە ڕۆژهەڵاتییەکانی وڵات. پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور کەمێک دادەبەزن و لە ناوچەی باکووریش چەند پلەیەک دادەبەزن."
سەبارەت بە ڕۆژی دووشەممە: "کەشوهەوا لە نێوان نیمچە هەور و هەوراوی دەبێت لەگەڵ بارینی بارانی مامناوەندی و هەورەبرووسکە لە سەرتاسەری وڵات. با لە جۆری باکووری ڕۆژئاوای دەبێت و لە ناوچەی باشوور چالاک دەبێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ. پلەکانی گەرماش لە ناوچەی ناوەڕاست کەمێک دادەبەزن و لە ناوچەکانی باشوور و باکوور جێگیر دەبن."
لە کۆتاییدا رایگەیاند: "ڕۆژی سێشەممە کەشوهەوا نیمچە هەور دەبێت و هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ هەوراوی لە سەرتاسەری وڵات، لەگەڵ بەردەوامیی بارانبارین لە ناوچەی باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵاتی وڵات. پلەکانی گەرماش لە سەرتاسەری وڵات کەمێک زیاتر دادەبەزن بە بەراورد بە ڕۆژی پێشوو."