بەغدا – INA
فەرماندەیی پۆلیسی کەرخ، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، توانیویانە یەکێک لە تاوانبارە پسپۆڕەکان لە دزینی جانتای ئافرەتان دەستگیر بکەن.
فەرماندەییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاند: مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی کەرخ توانییان تۆمەتبارێک بە ناوی (سەجاد ئەبو سەریع) دەستگیر بکەن، کە بە یەکێک لە تاوانبارە مەترسیدارەکان دادەنرێت و بە شێوازێکی ڕێکخراو جانتای ئافرەتانی دەدزی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: تۆمەتبارەکە پشتی بە چاودێریکردنی قوربانییەکان و بەدواداچوونی وردی جوڵەکانیان دەبەست، و ئەو کاتانەی دەقۆستەوە کە ئافرەتەکان بە تەنیا بوون، پاشان لە ڕێگەی ماتۆڕسکیلێکی جۆری (تکتک)ـەوە تاوانەکانی ئەنجام دەدا؛ بە شێوەیەک بە خێرایی بە تەنیشت قوربانییەکەدا تێدەپەڕی و جانتاکەی دەڕفاند و بەرەو شوێنێکی نادیار ڕایدەکرد.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لە ڕێگەی هەوڵی هەواڵگری و بەدواداچوونی مەیدانیی ورد، مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە توانییان شوێنی جوڵەکانی بدۆزنەوە و زانیاری پێویستی لەسەر کۆبکەنەوە، پاشان لە ڕێگەی دانانی بۆسەیەکی توندوتۆڵەوە لە کاتێکی پێوانەییدا دەستگیری بکەن. ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەری گیرانە بەر و ڕەوانەی دادگا کرا بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆی وەربگرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی کەرخ جەخت لە بەردەوامیی ڕاوەدوونانی تاوانباران دەکاتەوە و بە توندی بەرەنگاری هەر کەسێک دەبێتەوە کە بییەوێت یاری بە ئاسایشی هاووڵاتیانەوە بکات، داواشی لە هەمووان کرد هاوکار بن و هەواڵی هەر حاڵەتێکی گوماناوی بدەن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگە