بەغدا - INA
لێژنەی تەمێکردن (ئینزیبات) لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە بڕیاری دا بە ڕاگرتنی مەحموود مەواس، یاریزانی یانەی شورتە بۆ دوو یاری و غەرامەکردنی یانەی زەورا بە بڕی ١٠ ملیۆن دینار.
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاند: لێژنەی تەمێکردن لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، ئەمڕۆ کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو سکاڵایەی کە لەلایەن دەستەی کارگێڕی یانەی زەورا دژی یانەی شورتە و یاریزان مەحموود مەواس پێشکەش کرابوو لە ڕێککەوتی ١٦ی نیسانی ٢٠٢٦، کە تێیدا داوای گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر یاریزانی ناوبراو کرابوو.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ڕاپۆرتی سەرپەرشتیاری یاریی نێوان هەردوو یانەکە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، کە لە یاریگای شەعبی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو و بە سەرکەوتنی یانەی زەورا (٢-١) کۆتایی هات، ئەمانەی خوارەوە هاتوون:
دروشم و هتافی نەشیاو لەلایەن هاندەرانی یانەی زەوراوە وترانەوە، و دوای کۆتاییهاتنی یارییەکەش هەوڵیان دا بچنە ناو گۆڕەپانی یاریگاکە بۆ ئاهەنگگێڕان، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان لێ کردن، و هەندێک لە هاندەران ببوونە هۆی دروستکردنی پشێوی بۆ هێزەکانی پاراستنی یاریگا.
یاریزانی یانەی شورتە (مەحموود مەواس) لە کاتی گۆڕینیدا لە خولەکی ٦٥دا، ئاماژەیەکی نەشیاوی بۆ هاندەران کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی توڕەکردنی هاندەرانی زەورا، ئەوەش بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە.
یەکێتییەکە وتیشی، لێژنەکە ئەم بڕیارانەی خوارەوەی داوە:
١. ڕاگرتنی یاریزانی یانەی شورتە (مەحموود مەواس) بۆ (دوو یاری) لەگەڵ غەرامەکردنی بە بڕی (٥,٠٠٠,٠٠٠) پێنج ملیۆن دیناری عێراقی، ئەمەش پاڵپشت بە ئەحکامەکانی ماددەی (٥٥-٢) لە پەیڕەوی تەمێکردن و ڕەوشت بۆ وەرزی ئێستا.
٢. سەپاندنی غەرامەی دارایی بەسەر یانەی زەورا بە بڕی (١٠,٠٠٠,٠٠٠) دە ملیۆن دینار، پاڵپشت بە ئەحکامەکانی ماددەی (٤٩-١-٢-أ) لە پەیڕەوی ناوبراو.
جەختیشی کردەوە کە بڕیارەکە بە کۆدەنگی دراوە، و ڕوونیشیکردەوە کە بڕیارەکە مافی تانە لێدانی هەیە