بەغدا - INA
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، دەستکراوە بە بارکردنی نەوتی عێراق لە بەندەری بانیاس لەسەر پشتی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بۆ هەناردەکردنی بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا، جەختیشی لەسەر کارکردن بۆ دۆزینەوەی دەروازەی دیکە کردەوە بە مەبەستی زیادکردنی هەناردەی نەوتی عێراق.
عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە، لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ یەکەم کەشتی نەوتی ڕەشی عێراق بارکرا کە پێشتر لە پاڵاوگەی بانیاس لە سوریا خاڵی کرابوو، و لە دەریای ناوەڕاستدا بارکرا بۆ ئەوەی ڕێگەی خۆی بەرەو بەکارهێنەرانی ئەوروپی و پاڵاوگە ئەوروپییەکانی ئەو ناوچەیە بدۆزێتەوە.
وتیشی: ئەم هەنگاوە زۆر گرنگە بۆ کردنەوەی ڕێگەیەکی نوێی بەبازاڕکردن کە دەتوانرێت لە داهاتوودا سوودی لێ وەربگیرێت، هەروەها لە ئێستاشدا و لە کاتی ئەم قەیرانەدا سوودی لێ ببینرێت.
جەختیشی کردەوە کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت تەنها لەم ڕێکارەدا ناوەستێت، بەڵکو هەوڵێکی زۆر لەلایەن کارمەندانی کۆمپانیاکەوە دەدرێت بۆ گەورەکردن و زیادکردنی هەناردەی نەوتی عێراق، سەرەڕای هەموو ئاستەنگە لۆجستی و تەکنیکی و ئەمنییەکان کە ڕەنگە ببنە ڕێگر لەبەردەم ئەم دەستکەوتەدا.