بەغدا - INA
حوسێن خەرسان، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ تۆپی پێ، جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی تیمەکانی ناوبژیوانی، جێبەجێکردنی دادپەروەرییە لە نێوان تیپە ڕکابەرەکاندا. جەختیشی لەسەر ڕەتکردنەوەی زمانی ناپاکیکردن کردەوە و ڕایگەیاند کە حاڵەتە جێی مشتومڕەکان بەشێکی دانەبڕاون لە چێژی تۆپی پێ و تەنانەت لە گەورەترین خولەکانی جیهانیشدا ڕوودەدەن.
خەرسان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: ناوبژیوانی بە سروشتی خۆی هەڵگری بیروڕای جیاواز و حاڵەتی جێی مشتومڕە؛ ئەوەی هەندێک بە دروستی دەبینن، ڕەنگە هەندێکی تر بە هەڵەی ببینن، بەڵام پرەنسیپی نەگۆڕ هەوڵدانە بۆ بەدیهێنانی یەکسانی لە نێوان هەمواندا، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو جۆش و خرۆشەی لە ناوبژیوانییەوە دروست دەبێت، تاموچێژێکی تایبەت بە یارییەکە دەبەخشێت.
خەرسان وتیشی: خولی ئێمە گۆڕانکارییەکی جۆری و گەشەسەندنێکی گەورە بەخۆوە دەبینێت لەسەر ئاستە هونەری، ڕێکخستن و ڕاگەیاندنەکان، ناوبژیوانیش بەشێکی سەرەکییە لەم سیستمە پێشکەوتووە. دانی بەوەشدا نا کە هەندێک هەڵە هەن بەڵام مەبەستدار نین و نابێت بگاتە قۆناغی گومان یان ناپاکیکردن، چونکە ئەم هەڵانە لە گەورەترین پاڵەوانێتییەکانی وەک خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا و مۆندیالیشدا ڕوودەدەن.
خەرسان سوپاسی کارگێڕی یانەکانی خولی ئەستێرەکانی کرد بۆ هەوڵە گەورەکانیان و بەرگەگرتنی فشاری خشتەی یارییەکان، کە بووەتە هۆی سەرکەوتنی کێبڕکێکان. داواشی لێکردن دوور بکەونەوە لە زمانی ناپاکیکردن"تەخوینکردن" و وەک هەڵەی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەکانی ناوبژیوانی بکەن کە دەکرێت بە ڕۆحی وەرزشییەوە چارەسەر بکرێن و تێپەڕێنرێن