بەغدا - INA
ئەسیر داود غرێری، وەزیری بازرگانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، وەجبەیەکی نوێی شایستە داراییەکانی ئەو جوتیارانە خەرج دەکرێت کە گەنمی وەرزی کشتوکاڵیی ٢٠٢٥یان ڕادەستی (سایلۆکان) کردووە.
غرێری لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە جەختی کردەوە کەئەمڕۆ وەجبەیەکی نوێی شایستە داراییەکانی ئەو جوتیارانەی گەنمی وەرزی ٢٠٢٥یان ڕادەست کردووە خەرج کرا، کە بڕەکەی گەیشتووەتە ٦٠ ملیار دینار، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم وەجبەیە لە چوارچێوەی زنجیرە وەجبەیەکی لەسەریەکدایە کە خەرج کراون، ئەوەش دوای ئەو تەرخانکراوە داراییە گەورانەی کە حکومەت بۆ بەرژەوەندیی جوتیاران پەسەندی کردوون بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانیان.
وتیشی: ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتدایە بۆ خێراکردن لە پێدانی شایستە داراییەکان و پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ، ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کار دەکات بۆ دەستەبەرکردنی ڕێکوپێکی لە خەرجکردنی پارەکاندا، بە شێوەیەک کە هاوکار بێت لە بەهێزکردنی سەقامگیریی ئابووریی جوتیاران و هاندانیان بۆ زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ئاسایشی خۆراک لە وڵاتدا