بەغدا - INA
بەليغ ئەبو کەلەل، سەرۆکی دەزگای جێبەجێکردنی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەگەڵ دلفین دۆسپێس، جێگری بەڕێوەبەری نێردەی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە عێراق، میکانیزمەکانی هاوکاری لە بەرەنگاربوونەوەی زانیارییە چەواشەکارەکانی پەیوەست بە دۆسیە مرۆییەکان و کەمکردنەوەی هەواڵە نادروستەکانی تاوتوێ کرد، هاوکات جەختیان لە گرنگی پاراستنی کارە مرۆیی و ڕاگەیاندنەکان لە کاتی قەیرانەکاندا کردەوە.
ڕاگەیەندراوێک کە لە نووسینگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەکانەوە دەرچووە و بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ئاماژەی بەوە کردووە: بەليغ ئەبو کەلەل، سەرۆکی دەزگای جێبەجێکردنی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، پێشوازی لە دلفین دۆسپێس، جێگری بەڕێوەبەری نێردەی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە عێراق و وەفدی هاوڕێی کرد، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ژمارەیەک دۆسیەی خاوەن ڕەهەندی مرۆیی و ڕاگەیاندن.
ڕاگەیەندراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، نێردەکە ڕوونکردنەوەیەکی دەربارەی سروشتی کارەکانی لە عێراق و بەرنامە مرۆییەکانی پێشکەش کرد، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە پاراستنی مەدەنییەکان و پشتگیریکردنی زیانلێکەوتووانی ململانێ و قەیرانەکان، لەگەڵ میکانیزمەکانی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە نیشتمانییە پەیوەندیدارەکان.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەردوولا باسیان لە گرنگی پاراستنی کارە مرۆیی و ڕاگەیاندنەکان لە کاتی قەیرانەکاندا کرد، و دەستەبەرکردنی ڕووماڵێکی ڕاگەیاندنی بەرپرسانە بۆ دۆسیە مرۆییەکان کە ڕەچاوی پێوەرە پیشەیی و مرۆییەکان بکات، جگە لە پاڵپشتیکردنی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێتی تایبەت بە نێردەکە و تیمە مەیدانییەکانی لە ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا، بە جۆرێک کە هاوکار بێت لە ئاسانکاریی ئەرکە مرۆییەکانیان و بەهێزکردنی توانای پەیوەندیکردنی مەیدانییان.
هەروەها وتیشی: هەردوولا باسیان لە میکانیزمەکانی هاوکاری کرد لە بەرەنگاربوونەوەی زانیارییە چەواشەکارەکانی پەیوەست بە دۆسیە مرۆییەکان، و کەمکردنەوەی هەواڵە نادروستەکان یان ئەو ناوەڕۆکانەی کە سوکایەتی بە هەوڵە مرۆییەکان دەکەن یان دەبنە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو کۆمەڵگەدا.
هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی شارەزاییەکان کردەوە، بە شێوەیەک کە هاوکار بێت لە پشتگیریکردنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی وەڵامدانەوەی مرۆیی لە عێراقدا