بەغداد - INA
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی شێخ هومام حەموودی، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیکردەوە: کە دیپلۆماسی تەنها ڕێگەیە بۆ چەسپاندنی ئاشتی.
نووسینگەی شێخ حەموودی، لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "شێخ هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی شانشینی یەکگرتوو لە بەغدا کرد، و تێیدا باسیان لە پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و دیدگای هەردوولا بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە و ئاراستەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر ڕێڕەوی پێکهێنانی حکومەتی نوێ کرد".
بەگوێرەی بەیاننامەکە، لە میانی دیدارەکەدا شێخ حەموودی جەختی کردۆتەوە کە "سەرکێشی و لەخۆباییبوونی هێز، تەواوی جیهانی خستۆتە ناو تەنگژەیەکی ئەمنی و ئابووری و ئەخلاقییەوە"، و تەئكیدیشیکردەوە کە "دیپلۆماسی تەنها ڕێگەیە بۆ دەربازبوون لەو تەنگژەیە و دووبارە چەسپاندنەوەی ئاشتی".
هەروەها پەرۆشی "عێراقی بۆ بەهێزکردنی هاریکارییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو دەربڕی، بەو پێیەی هەمووان یەک سیستەمی عەرەبین لە بونیادنانی ئاسایشی ناوچەکە لەگەڵ لایەنە هەرێمییەکانی تر و پاراستنی بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە".
لای خۆیەوە، سدیق جەختیکردەوە: "بەریتانیا خاوەنی کۆمەڵێک بنەمایە کە ڕێگری لێکردووە بچێتە ناو جەنگ دژی ئێران، چونکە جەنگێکی بێ پاساو و ناپەسەندە و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە"، ئاماژەی بەوەشکرد: "حکومەتی وڵاتەکەی پەرۆشە بۆ ڕەچاوکردنی هەڵوێستی گەلی بەریتانیا کە دژی ئەو جەنگەیە".