بەغداد -INA – ویسام مەلا
سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرە سامی مەسعوودی، ئەمڕۆ چوارشەممە، تەواوکردنی هەموو پێداویستییەکانی حەجی لەلایەن عێراقەوە بۆ ئەم وەرزە ڕاگەیاند، و هاوکات ئاماژەی بەوەکرد: کە گواستنەوەی حاجیان بۆ وەرزی حەج بە وشکانی دەبێت.
مەسعوودی، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەیبوو، ڕایگەیاند: "بەڕێوەبەری کاروانەکانی حاجیان بەرپرسیارێتی یەکەم و ڕاستەوخۆیان بەرامبەر حاجیان لەسەرە"، جەختیشیکردەوە لەسەر "گرنگی پابەندبوون بە ڕێنماییەکان بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی وەرزی حەج".
ڕوونیشیکردەوە کە "عێراق بە یەکەم دەوڵەت دادەنرێت کە هەموو پێداویستییەکانی وەرزی حەجی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی حەجی سعوودیە ئەنجامداوە، و ئێمە لەوپەڕی ئامادەییداین".
ئاماژەی بە "پێویستی پابەندبوونی بەرپرسی کاروانەکان بە پلانەکانی گواستنەوەی وشکانی لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا" کرد، و ڕایگەیاند "کادیرانی پزیشکی و کارگێڕی لە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتووەوە پێش کاروانەکان دەکەون، بە مەبەستی ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ڕێگا و نیشتەجێبوون و بژێوی".
داواشی لە "بەڕێوەبەری کاروانەکان کرد کە چاویان بە حاجیان بکەوێت و هۆشیارییان بدەنێ سەبارەت بە هەموو وردەکارییەکانی گەشتی حەج و فێری ئەو شتانەیان بکەن کە لە کاتی گەشتەکەدا پێویستیان دەبێت"، جەختیشیکردەوە کە "حاجی عێراقی پێویستی بە هەڵگرتنی هیچ بڕە پارەیەک نییە، چونکە هەموو خەرجییەکان لەلایەن دەستەوە دابین کراون".
هەروەها جەختی لە "گرنگی هۆشیارکردنەوەی حاجیان بۆ پابەندبوون بە یاسا و ڕێنماییەکان" کردەوە، و هۆشداری دا لە "سەرپێچییە یاسایی و کارگێڕییەکان، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە قاچاخچێتی جگەرە یان بەرزکردنەوەی دروشمی سیاسی و تائیفییەوە هەیە، چونکە ڕەنگە سزای بگاتە زیندانیکردن لە شانشینی عەرەبی سعوودیە".
ئاماژەی بە "پێویستی وریابوون لە کۆمپانیا وەهمییەکان کە هاوڵاتیان دەقۆزنەوە" کرد، و داوای کرد "تەنها مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکاندا بکەن بۆ ئەوەی نەبنە قوربانی فێڵ و تەڵەکەبازی".
لە کۆتاییدا دوپاتی کردەوە کە "ئەم وەرزە ناوازەیە و ڕووبەڕووی چەندین تەحەددی دەبێتەوە، ئەمەش پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکان و ئارامگرتن هەیە بۆ تێپەڕاندنیان"، ئاماژەشی بە "نزیکبوونەوەی کاتی بەڕێکەوتنی یەکەمین کاروانەکانی حاجیانی عێراقی بەرەو مەدینەی منەوەرە و مەککەی پیرۆز کرد، لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییەکی گەورە کە دەکەوێتە ئەستۆی بەڕێوەبەری کاروانەکان".