نێودەوڵەتی – INA
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ئەو کەشتییە ئەورووپییانەی لە چوارچێوەی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی دەریاوانیدا لە گەرووی هورمز جێگیر دەکرێن، لەژێر سەرکردایەتی و فەرمانی ئەمریکادا نابن.
ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئەورووپییەوە گواستوویەتییەوە: "ئەو کەشتییە ئەورووپییانەی بەشدارن لە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی لە گەرووی هورمز، لەژێر فەرمانی ئەمریکادا نابن؛ ئەم هەنگاوەش گوزارشت لە ئاراستەیەک دەکات بەرەو سەربەخۆیی زیاتر لە بەڕێوەبردنی ئاسایشی دەریایی ناوچەکەدا."
بەگوێرەی وتەی بەرپرسەکان، ئامانجی پلانی ئەورووپییەکان بەهێزکردنی متمانەی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی و گێڕانەوەی سەقامگیرییە بۆ جووڵەی دەریاوانی، ئەمەش دوای کۆتایی هاتنی ئەو شەڕ و پێکدادانانەی کاریگەرییان کردبووە سەر ئاسایشی ڕێڕەوە دەریاییە زیندووەکان.
لەلایەکی دیکەوە، دیپلۆماتکارە فەڕەنسییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەشداریکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم ئەرکەدا، ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی لەلایەن تارانەوە کەمتر قبووڵکراو بێت، ئەمەش ڕەنگە ڕەنگدانەوەی نەرێنی هەبێت لەسەر هەلی سەرکەوتنی دەستپێشخەرییە ئەورووپییەکە.