نێودەوڵەتی – INA
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی کردەوە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە گەمارۆی سەر هورمز ببڕێت، هاوکات پشتگیریی خۆی بۆ ئازادیی هاتوچۆی ئەو کەشتییانە ڕاگەیاند کە لە گەرووی هورمزەوە بەرەو بەندەرە نائێرانییەکان دەچن یان لێیانەوە دەگەڕێنەوە.
فەرماندەییەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "زیاتر لە ١٠ هەزار دەریاوان و سەرباز، ١٢ کەشتیی جەنگی و دەیان فڕۆکە، گەمارۆی بەندەرەکانی ئێرانیان داوە،" ئاماژەی بەوەش کردووە "لە ٢٤ کاتژمێری یەکەمدا هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە گەمارۆکەی ئەمریکا ببڕێت."
هەروەها هاتووە: "٦ کەشتیی بازرگانی پابەندی ڕێنماییەکانی هێزەکانی ئەمریکا بوون بۆ گەڕانەوە بەرەو بەندەرێکی ئێرانی لەسەر دەریای عومان،" جەختیشی کردەوە لە "پشتگیریکردنی ئازادیی هاتوچۆی دەریاوانی بۆ ئەو کەشتییانەی لە گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕن بەرەو بەندەرە نائێرانییەکان و بەپێچەوانەشەوە."
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕوونی کردەوە کە "گەمارۆکە بە دادپەروەرانە بەسەر کەشتییەکانی هەموو ئەو وڵاتانەدا دەسەپێندرێت کە دەچنە ناو بەندەر و کەناراوەکانی ئێران یان لێیانەوە دەردەچن."