نێودەوڵەتی – INA
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ڕەنگە وڵاتەکەی دوای تەواوبوون لە دۆسیەی ئێران، ڕوو لە کوبا بکات.
ترامپ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی: "زۆرێک لە ئەمریکییە کوباییە ئەسڵەکان ڕووبەڕووی مامەڵەی خراپ بوونەتەوە، و ژمارەیەک لە خزم و کەسەکانیان کوژراون یان لێیان دراوە."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: "کوبا دەوڵەتێکی شکستخواردوو و داڕماوە"، وتیشی: "ئەو دوورگە کارایبییە بۆ چەندین دەیە لەژێر بەڕێوەبردنێکی خراپدا بووە بە سەرکردایەتی فیدێل کاسترۆی سەرۆکی کۆچکردوو."
ئەمە لە کاتێکدایە کە میگێل دیاز کانێل، سەرۆکی کوبا، ڕۆژی یەکشەممە هۆشداری دابووە واشنتن لەوەی خۆی تێوەنەگلێنێت لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
دیاز کانێل وتی: "ئەگەر ئەوە ڕووبدات، جەنگ دەستپێدەکات"، و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی ئارەزووی هەڵگیرسانی جەنگ ناکات.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆی ئابووری خستووەتە سەر کوبا و هەڕەشەی سەپاندنی باجی گومرگی کردووە بەسەر ئەو وڵاتانەی کە نەوتی بۆ دابین دەکەن.
سەرچاوە: ئاژانسەکان