🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار جەخت لە پێویستی یەکلاکردنەوەی شایستە دەستوورییەکانی دیکە دەکەنەوە

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/04/13 20:56

بەغدا – INA

ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی و سەرۆک کۆمار نزار ئامێدی، جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی یەکلاکردنەوەی تەواوی شایستە دەستوورییەکانی دیکە و پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی کە خواستەکانی هەموو عێراقییەکان بەدی بهێنێت و سەقامگیری و گەشەپێدان لە هەموو ناوچەکانی وڵاتدا بەهێز بکات.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، چاوی بە سەرۆک کۆمار نزار محەمەد سەعید ئامێدی کەوت؛ لە دیدارەکەدا سودانی پیرۆزبایی خۆی بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆک کۆمار پێشکەش کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە فەرمییەکانیدا".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دیدارەکە پێداچوونەوەی بە کۆی بارودۆخی گشتی وڵاتدا کرد، و ستایشی هەوڵی هێزە نیشتمانییەکانی کرد کە بەشداربوون لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا، هەروەها جەختکرایەوە لەسەر پێویستی یەکلاکردنەوەی پاشماوەی شایستە دەستوورییەکان و پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی کە خواستەکانی هەموو عێراقییەکان بەدی بهێنێت و سەقامگیری و گەشەپێدان لە هەموو ناوچەکانی وڵاتدا بەهێز بکات".

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە: "لە میانی دیدارەکەدا، جەختی هاوبەش کرایەوە لەسەر هەماهەنگی هەوڵەکان و یەکخستنی کارەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدیاتی ئێستا؛ بە مەبەستی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان و پاراستنی سەروەریی عێراق و پاڵپشتیکردنی گەشەپێدانی ئابووری و ئاوەدانکردنەوە".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەردوولا باسیان لە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە کرد و جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی ڕاگرتنی پەرەسەندنی گرژییەکان و پەیڕەوکردنی ڕێگەی گفتوگۆ وەک چارەسەرێک بۆ تەنگژەکان و ڕاگرتنی ململانێکان، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا".

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)