بەغدا – INA
ڕاهێنەری یانەی ئەمانەی بەغدا، ویسام تالیب، ڕەزامەندیی تەواوی خۆی نیشاندا بەرامبەر بەو ئاستە بەرزەی کە یانەکەی پێشکەشی دەکات، ئەمەش دوای سەرکەوتنە گرنگەکەیان بەسەر دهۆکدا بە ئەنجامی (2-1) لە دەسپێکی یارییەکانی گەڕی بیست و هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
تالیب بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "لە ماوەی ڕابردوودا خشتەیەکی قورسمان هەبوو، بەتایبەت کە زۆربەی یارییەکانمان جەماوەری بوون، بەڵام لەو کاتەوەی ئەرکەکەم وەرگرتووە، یانەکە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە ئاستی بەکۆمەڵ و تاکەکەسیدا بەخۆوە بینیوە."
ڕوونیشیکردەوە کە سەرکەوتن بەسەر یانەیەکی گەورەی وەک دهۆک لە خۆڕا نەهاتووە، وتیشی: "خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ڕکابەرەکەمان بە وردی شیکردەوە و لە جێبەجێکردنی تەکتیکی گونجاودا سەرکەوتوو بووین، هەموو کەسێکیش هەوڵ بدات ئەنجامی پۆزەتیڤ دروێنە دەکات." هەروەها دەستخۆشی لە یاریزانەکانی کرد و وتی: "یارییەکی باشیان ئەنجامدا و بە تەرکیزێکی بەرزەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ کرد."
سەبارەت بە پێگەی یانەکە لە ڕیزبەندی خولەکەدا، تالیب ئاماژەی بەوە کرد کە "خولەکە ئێستا چووەتە قۆناغی ململانێی خاڵەکانەوە، یانەکەش پێشتر لەژێر فشاری پلەکانی کۆتاییدا بوو، بەڵام دوای دوورکەوتنەوە لە ناوچەی مەترسی، ئەمانەی بەغدا بە ئاستێکی جیاواز و ئەنجامێکی جێگیرتر دەردەکەوێت."
لە کۆتایی قسەکانیدا، ویسام تالیب ستایشی یانەی دهۆک و ڕاهێنەرە لێهاتووەکەی کرد و شکستی بە "حاڵەتی تۆپی پێ" ناوبرد، جەختیشی کردەوە کە تەماحیان بەردەوامبوونی زنجیرە سەرکەوتنەکانە و لە ئێستاوە ئامادەکاری پێشوەختە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یانەی مووسڵ لە گەڕی داهاتوو دەستپێدەکەن.