🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

سێ فراکسیۆنی کوردی بەشداریکردنیان لە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ڕادەگەیەنن

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/04/10 16:44

هەولێر - INA

سێ فراکسیۆنی کوردی، ئەمڕۆ هەینی، بەشداریکردنیان لە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا ڕاگەیاند.

فراکسیۆنەکان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا کە لە لایەن ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی ، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستانەوە دەرچووە و بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ڕایانگەیاند: لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و دەستووریمان، و بۆ بەرجەستەکردنی سووربوونمان لەسەر چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی و خزمەتکردنی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، هەر یەک لە ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری لە پەڕلەمانی عێراق، جەخت لەسەر سووربوونی خۆیان دەکەنەوە بۆ تەواوکردنی ئیستحقاقە دەستوورییەکان بێ دواکەوتن و دوودڵی.

ئاماژەیان بەوەش کردووە: ئەو هێزانەی ئاماژەیان پێکراوە، بەشداریکردنیان لە دانیشتنی سبەینێ شەممە، ١١ی نیسانی ٢٠٢٦ ڕادەگەیەنن، کە تایبەتکراوە بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، وەک هەنگاوێکی گرنگ لە پێناو گێڕانەوەی ڕێڕەوی کارە دەستوورییەکان و وەک زەمینەسازییەک بۆ تەواوکردنی هەوڵە جدییەکان بەرەو پێکهێنانی حکومەتێکی کارا کە توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکانی هەبێت و داواکارییەکانی هاووڵاتیان بۆ ئاسایش و سەقامگیری و ژیانێکی شایستە دابین بکات.

جەختیشیان کردەوە کە ئەم هێزانە کاندیدی تایبەتی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەیە، ئەویش دکتۆر موسەنا ئەمین-ە، ئەوەش لە سۆنگەی بڕوابوونیان بە لێهاتوویی و توانای بۆ ئەنجامدانی ئەم بەرپرسیارێتییە نیشتمانییە لەم قۆناغە هەستیارەدا.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: پێمان وایە بەردەوامبوونی پەکخستنی ئەم ئیستحقاقانە چیتر کارێک نییە پاساوی بۆ بهێنرێتەوە، بەهۆی ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەی کە ڕاستەوخۆ کاردەکەنە سەر ژیان و بژێوی هاووڵاتیان و ئاڵنگارییەکانی بەردەم وڵات ئاڵۆزتر دەکەن؛ هەر بۆیە بانگەوازەکەمان بۆ هەموو هێزە نیشتمانییەکان نوێ دەکەینەوە کە بەرپرسیارێتییە مێژووییەکانیان هەڵبگرن و بەرژەوەندیی باڵای وڵات بخەنە پێش هەموو شتێکەوە و هەنگاو بنێن بەرەو کۆتاییهێنان بە دۆخی چەقبەستوویی سیاسی

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)