بەدواداچوون – INA
ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، جووڵەی تێپەڕبوونی كەشتییە نەوتییەکان لە گەرووی ستراتیژیی هورمز وەستاوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست.
سەرچاوەکان ڕوونیان کردەوە کە دوای ئەوەی تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مەرجەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی قبوڵ کرد و تێگەیشتنەکانی ئاگربەست گەڵاڵە بوون، بەیانی ئەمڕۆ ڕێگە بە دوو كەشتی نەوت درا بە سەلامەتی لە گەرووەکە تێپەڕن، ئەوەش دوای وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی لە دەسەڵاتدارانی ئێران.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڵام دەستپێکردنەوەی هێرشە غەدرییەکانی قەوارەی زایۆنی بۆ سەر لوبنان و بەرگریی ئیسلامی، بووە هۆی هەڵپەساردنی ڕێکارەکانی تێپەڕبوونی ئارام و دووبارە وەستانی جووڵەی تانکەرەکان لەم ڕێڕەوە دەریاییە گرنگەدا.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە سەرچاوە ئەمنیی و سەربازییەکان بە "فارس"یان ڕاگەیاندووە کە تاران لە ئێستادا خەریکی تاوتوێکردنی وەڵامدانەوەی ئەم پێشێلکارییانەیە.