وەرگێڕان – INA – لەميا ڕەسوڵ
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"ی بەریتانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، قەبارەی زیانە مرۆیی و ماددییەکانی ئاشکراکرد کە بەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و قەوارەی ئیسرائیل و ئێران کەوتوون دوای تێپەڕبوونی 39 ڕۆژ بەسەر هەڵگیرسانی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوانیان، و جەختی کردەوە کە داخورانی سەربازیی ئەمریکا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی کە لە دوای جەنگی عێراق لە ساڵی 2003وە وێنەی نەبووە.
ڕۆژنامەکە لە زاری شارەزایانی سەربازی و بەرپرسانی پێشووی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) بڵاویکردەوە، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی، بەدواداچوونی بۆ کردووە: "ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردووەوە دەستیان پێکردووە، تەنها لە ماوەی پێنج هەفتەدا بڕی 22.3 بۆ 31 ملیار دۆلاری لە واشنتۆن خەرج کردووە"، ئاماژەی بەوەش کردووە کە "تێچووی ڕۆژانەی جەنگەکە بەربەستی 500 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە".
زیانە مرۆیی و لۆجستییەکان
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە "ڕووبەڕووبوونەوەکان بوونەتە هۆی کوژرانی 13 سەرباز و هاووڵاتیی ئەمریکی و برینداربوونی زیاتر لە 300 کەسی دیکە"، لە لایەکی دیکەوە، ئیلین ماکۆسکەر، بەرپرسی پێشووی بودجە لە پێنتاگۆن، ڕایگەیاندووە کە "ئەم بڕە پارە زەبلاحانە ناردنی هێزی زیادە و کەرەستەی قورس بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە".
زیانەکانی کەرەستە و سیستمە بەرگرییەکان
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێویستی بە بڕە پارەیەک هەیە کە لە نێوان 2.1 بۆ 3.6 ملیار دۆلاردایە تەنها بۆ قەرەبووکردنەوە و چاککردنەوەی ئەو کەرەستانەی زیانیان بەرکەوتووە، کە دیارترینیان ئەمانەن:
• کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (USS Gerald Ford): کە بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر تێیدا لە خزمەتگوزاری دەرچوو.
• هێزی ئاسمانی: زیان بەرکەوتنی فڕۆکەیەکی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە جۆری (Boeing E-3) کە نرخەکەی زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلارە، هەروەها خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جۆری (MQ-9 Reaper)، و پێکانی فڕۆکەیەکی جەنگی (F-15E) و فڕۆکەیەکی (A-10).
• سیستمەکانی ڕادار: بە ئامانجگرتنی ڕادارە پێشکەوتووەکان لە جۆری (AN/TPY-2) کە بە سیستمی "ثاد"ەوە بەستراونەتەوە لە ئوردن و قەتەر و سعودیە، کە تێچووی هەر یەکەیەکیان 485 ملیۆن دۆلارە و دروستکردنی نزیکەی سێ ساڵی دەوێت.
بەتاڵبوونی کۆگای موشەکەکان
ناوەندی توێژینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان (CSIS) لە چوارچێوەی ڕاپۆرتەکەدا دووپاتی کردەوە، کە "واشنتۆن 850 موشەکی (تۆماهۆک)ی بەرەو ئێران هەڵداوە، ئەمەش ژمارەیەکە کە لە کۆی گشتی ئەو موشەکانەی لە جەنگی عێراق لە ساڵی 2003 بەکارهێنرابوون زیاترە"، ئاماژەی بەوەشکردووە کە "ناچاربوونی پێنتاگۆن بۆ گواستنەوەی سیستمی بەرگری موشەکی لە کۆریای باشوورەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕەنگدانەوەی قەبارەی ئەو فشارە گەورەیە کە لەسەر سەرچاوە سەربازییەکانە".
جووڵەی پەرلەمانی لە واشنتۆن
ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کردووە کە "وەزارەتی بەرگری ئەمریکا داواکارییەکی بەپەلەی پێشکەش بە کۆنگرێس کردووە بۆ تەرخانکردنی 200 ملیار دۆلاری زیادە بۆ داپۆشینی خەرجییەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکان"، ئەمەش لە سایەی فراوانبوونی بازنەی ململانێکان و زیادبوونی تێچووە ماددییەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی سیستمەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و پەیوەندییەکان کە ڕووبەڕووی هێرشی ڕاستەوخۆی درۆن و موشەکەکانی ئێران بوونەتەوە.