بەغداد - INA – وساممەلا
سەرۆکی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی کەریم حەمادی، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیکردەوە: تۆڕەکە "متمانەپێکراوی دەخاتە پێش خێرایی" بۆ دەستەبەرکردنی گەیاندنی زانیارییەکی ڕوون و ڕاستەقینە،و ئاماژەی بەوەشکرد: پابەندبوونی بەرپرسانە بە بەرژەوەندی نیشتمانی، وای کردووە دامەزراوەکە خاوەن نەریت و عورفێکی چەسپاو بێت کە بووەتە کارنامەیەکی ڕێکخراوی کارکردن.
حەمادی لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی "وتاری ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە کاتی قەیرانەکاندا"، کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەی بوو، ڕوونیکردەوە: دامەزراوەکە پشت بە چەند بنەمایەکی سەرەکی دەبەستێت، کە لە پێش هەموویانەوە پێشخستنی وردبینییە بەسەر خێرایی گەیاندنی هەواڵدا، ئەمەش بۆ دوورکەوتنەوە لە چەواشەکردنی جەماوەر و پاراستنی ناوبانگی دامەزراوەکە کە نوێنەرایەتی دەوڵەتی عێراق دەکات؛ چونکە هەر دەستەواژەیەک یان ڕووداوێک کە دەیگوازێتەوە، ڕەنگدانەوەی دیدگای فەرمییە.
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەم شێوازە ئامانج لێی دروستکردنی هەڵوێستێکی گشتییە کە پابەند بێت بە ئەخلاقیاتە مرۆییەکان و گشت بیروبۆچوونە جیاوازەکان بێ لایەنگیری لەخۆ بگرێت"، ڕاشیگەیاند: "کەڵەکەبوونی پیشەیی و ئەزموونی درێژخایەن، نەریت و عورفێکی چەسپاندووە کە بووەتە کارنامەیەکی یەکگرتوو و بە ڕوونی لە ئەدای پەیامنێرانی تۆڕەکەدا لە بەسرەوە تا دهۆک دەردەکەوێت، چ لە زمان و گوتار یان دەستەواژەکان و تەنانەت لە تۆنی دەنگیشدا".
باسی لەوەشکرد: "ئەم ڕێکارانە گشتێنراون بۆ بەڕێوەبەرانی نووسین و سەرۆکی بەشە تەکنیکییەکان؛ بۆ دەستەبەرکردنی هاوسەنگی و نەکەوتنە ناو قەدەغەکراوەکان"، جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی پابەندبوونی دامەزراوە میدیاییەکان بە بێلایەنی و بابەتییبوون، و جەختکردنەوە لەسەر ئەخلاقیاتی پیشەیی، و نەکەوتنە دوای پڕوپاگەندە یان فشاری لایەنە دیاریکراوەکان، لەگەڵ دەستگرتن بە بەهاکانی دیموکراسی و گرنگییە مرۆیی و ڕۆشنبیرییەکانی.