بەغداد- INA
سەرۆک کۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ چوارشەممە، پێشوازی لە ڕاگرتنی شەڕ لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەم هەنگاوە بۆ بەهێزکردنی ڕێڕەوی گفتوگۆی دیپلۆماسی بەکاربهێنرێت.
سەرۆک کۆمار لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ڕاگرتنی شەڕ لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین، و بە گەشەسەندنێکی گرنگی دادەنێین کە دەبێتە هۆی هێورکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا".
هەروەها وتی: "پێویستە ئەم هەنگاوە سوودی لێ وەربگیرێت بۆ بەهێزکردنی ڕێڕەوی گفتوگۆی دیپلۆماسی بونیادنەر، و پەیڕەوکردنی لۆژیکی دانایی و لێکتێگەیشتن و ڕێگە چارە ئاشتیانەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پەنا نەبردن بۆ هێز، تاوەکو گەیشتن بە چارەسەری بەردەوام کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی بپارێزێت". ئاماژەی بەوەشکرد: کە "عێراق لە سۆنگەی دەور و نەخشی ناوچەیی خۆیەوە، سوورە لەسەر پشتگیریکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە سەرخستنی گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی و پاراستنی سەروەت و سامانی گەلان".
هیوایشی خواست "ئەم هەنگاوە بەشدار بێت لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی بونیادنەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بۆ کێشەکانی وڵاتانی ناوچەکە"، تیشکی خستە سەر ئەوەش کە "ناوچەکە پێویستییەکی زۆری بە یەکخستنی هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان هەیە، بۆ چەسپاندنی بنەماکانی ئاشتی و پاراستنی سەروەری دەوڵەتان و دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی ئارام و گەشەسەندوو بۆ گەلانی ناوچەکە".