ئیتاڵیا - INA
ئەمڕۆ پێنج شەممە رێكەوتی 2-4-2026لە شاری كاتانزارۆی هەرێمی كالابریای وڵاتی ئیتاڵیا، حەڤدەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەدرخان ساڵی 2026 بەكۆتاهات، كە ڤیستیڤاڵی حەوتەمینی بەدرخان تایبەت بوو بە یادی (ژەنەڕاڵ شەریف پاشا خەندان)، بە بەشداریی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومیی هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا و كەسایەتیی ئەكادیمی و رۆشنبیریی هەردوولا كۆتایی بە چالاكییەكانی هێنا.
سەبارەت بە ڤیستیڤاڵی حەڤدەمینی بەدرخان، حەمید بەدرخان سەرۆكی ئەكادیمیای بەدرخان تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (INA) رایگەیاند و ووتی : فێستیڤاڵەكە لەرێكەوتی 19-3 لە هۆڵی (Complesso Monumentale di San Giovanni) دەستی پێكرد، لە رۆژی یەكەمدا، پەردە لەسەر پەیكەری شەریف پاشا خەندان لادرا كە لەلایەن هونەرمەند (زاهیر سدیق) ەوە دروستكرابوو، لەو مەراسیمەدا چەندین وتار لەلایەن سەرۆكی شارەوانی كاتانزارۆ، پارێزگاری سلێمانی و نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێكخەرانی فێستیڤاڵەكە پێشكەش كران، كە تێیدا جەخت لەسەر گرنگیی مێژووی دیپلۆماسیی كورد كرایەوە.
لە رۆژی دووەمی فێستیڤاڵەكەدا، سەردانی گۆڕی شەریف پاشا لە شاری نیتالیا كرا و تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕەكەی دانرا،یەكێك لە دەستكەوتە گرنگەكانی ئەم خولەی ڤیستیڤاڵەكە، دۆزینەوەی بەڵگەنامەی نوێ و ژمارە 55ی رۆژنامەی (مەشروتییەت) بوو كە بە زمانەكانی توركیی عوسمانی و فەرەنسی لەلایەن شەریف پاشاوە لە نێوان ساڵانی 1904-1909 بڵاوكراونەتەوە.
جێگای ئاماژەكردنە ڤیستیڤاڵەكە چەندین پانێڵی زانستی و كولتووری لەخۆگرتبوو، لەوانە: پێشكەشكردنی 13 كتێبی چاپكراو و سێ رۆژنامە بە زمانەكانی كوردی، فەرەنسی و ئیتاڵی. كردنەوەی پێشانگایەكی شێوەكاری بۆ هونەرمەندان (محەمەد فەتاح و ساڵح نەجار)، پێشنیاركردنی رۆژی (22ی كانوونی یەكەم) وەك رۆژی دیپلۆماسیی كوردی بەناوی شەریف پاشا خەندان،
ماوەتەوە بڵێین لە كۆتایی مەراسیمەكەدا، بڕوانامەی ڕێزلێنان بەشداربوواندا دابەشكرا و سوپاسی ئەوانەبوون كە هاوكار بوون لە سەركەوتنی ئەم ڤیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەدا.