🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

سیناتۆر کروز: ئەمەریکا دەبێت هەموو هەنگاوێک بنێت بۆ کۆتاییهێنان بە ڕژێمی ئێران

دەنگی ئەمەریکا 2026/01/19 19:52

سیناتۆری کۆمارییەکان تێد کروز پشگیری لە هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ کرد بۆ ڕێگریکردن لە دەستگەیشتنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە چەکی ناوەکی و دەڵێت پێویستە ئەمەریکا کۆتایی بەو ڕژێمە بهێنێت.

تێد کروز، سیناتۆری ویلایەتی تەکساس، بە تەلەفزیۆنی فۆکس نیوزی ڕاگەیاند، "پێموایە ئەمەریکا دەبێت هەموو هەنگاوێک بنێت بۆ کۆتاییهێنان بەم ڕژێمە."

کروز جەختی کردەوە لە مەترسییەکانی گوتاری دژە ئەمەریکا لە ناو ئێران و وتی، "ئایەتوڵا خامنەیی ڕقی لە ئەمەریکایە، بەردەوام سەرکردایەتی کۆبوونەوەی گەورەی جەماوەری دەکات بە وتنەوەی دروشمی مردن بۆ ئەمەریکا! لە ڕاستیدا هەموو ساڵێک لە ئێران، لە ساڵڕۆژی شۆڕشی ئێران و دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ساڵی 1979، ڕۆژی مردن بۆ ئەمریکایان کردووە بە جەژن و ئاهەنگ دەگێڕن."

سیناتۆرە کۆمارییەکە ستایشی هەنگاوەکانی ڕابردووی سەرۆک ترامپی کرد لە هێرشکردنە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران و ڕایگەیاند، "سەرۆک ترامپ وەک فەرماندەی گشتی بڕیارێکی دروستی دا کاتێک فەرمانی کرد فڕۆکەی شەڕکەری B2 هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەن."

وتیشی، "ئەگەر ئەو دیکتاتۆرە ئاینییە چەکی ئەتۆمی دەستکەوتبایە، ئەوا ئەگەرە قبوڵنەکراوەکان ئەوە بوون کە چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت بۆ کوشتنی هەزاران یان تەنانەت ملیۆنان ئەمەریکایی. ئەوە تاکە گرنگترین بڕیاری سیاسەتی دەرەوەی سەرۆک بوو لە خولی دووەمیدا."

سەرۆک ترامپ ڕۆژی شەممە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی پۆلیتیکۆ ڕایگەیاند، "ئێستا کاتی ئەوەیە بە دوای ڕێبەرایەتییەکی نوێ لە ئێران بگەڕێین."

ترامپ خامنەیی بە کەسێکی "نەخۆش" ناوبرد و وتی "پێویستە وڵاتەکەی بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەڕێوە ببات و واز لە کوشتنی خەڵک بهێنێت" و وتیشی "وڵاتەکەی بە هۆی لاواز بوونی ڕێبەرایەتییەوە، خراپترین شوێنی جیهانە بۆ ژیان."

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)