🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

تۆم باراک: ئەمەریکا بەتوندی پشتیوانی لە ڕێکەوتنی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع دەکات

دەنگی ئەمەریکا 2026/01/19 19:52

تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ تورکیا و نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا، بە فەرمی دەستخۆشی لە حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کرد بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوانیان و ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبەدی بە دوو سەرکردەی گەورەی سوریا ناودێری کردن.

تۆم باراک لە پەیامێکدا کە یەکشەممە ڕێکەوتی 19 ی یەکی 2026 بڵاویکردەوە، سەبارەت بە ڕێککەوتنەکەی نێوان ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاند، "دوو سەرکردەی گەورەی سوریا کە پاڵنەریان بریتییە لە دیدگای هاوبەشی ڕزگارکردنی وڵات و گەلەکەیان لەدەستی ستەمکاری، ئێستا کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی داهاتوویەکی گەشاوەتر بۆ هەموو سورییەکان دابڕێژن. ئەم ڕێککەوتن و ئاگربەستە گوزارشت لە خاڵێکی سەرەکی وەرچەرخان دەکات، کە تێیدا نەیارانی ڕابردوو لەبری دابەشبوون دەست لە ملی یەکتر بکەن."

نێردەی تایبەتی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد، "سەرۆک شەرع دووپاتی کردووەتەوە کە کورد بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوە لە سوریا، هەروەها ئەمەریکاش چاوەڕوانی تێکەڵکێشکردنی بێ کێشەی هاوبەشە مێژووییەکەمانە لە شەڕی دژی داعش [هەسەدە] لەگەڵ نوێترین ئەندامی هاوپەیمانی جیهانی [سوریا]، هاوکات لەگەڵ فشارەکانمان لە شەڕی بەردەوام دژی تیرۆر."

تۆم باراک ڕایگەیاند، "کارە سەختەکە ئێستا دەستپێدەکات بۆ داڕشتنی کۆتایی وردەکارییەکانی ڕێکەوتننامەی یەکخستنە گشتگیرییەکە، وە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەموو قۆناغێکدا بە توندی لە پشت ئەم پرۆسەیە دەوەستێتەوە- لە کاتێکدا ئێمە بەرژەوەندییە گرنگەکانی ئاسایشی نیشتمانیمان دەپارێزین لە شکستپێهێنانی پاشماوەکانی داعش و پێشخستنی پلانی بوێرانەی سەرۆک ترامپ بۆ ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

نێردەی تایبەتی ئەمەریکا ستایشی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعشی کرد و وتی، "ئەمەریکا بە تایبەت پێشوازی دەکات لەم ویستە بەردەوامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی داعش، کە ئاسانکاری دەکات بۆ چوونە ناوەوەی تەواوی هاوبەشە کوردە درێژخایەنەکانمان بۆ ناو سوریایەکی یەکگرتوو و گشتگیر کە بەرژەوەندی و مافەکانی هەموو هاووڵاتیانی دەپارێزێت- لە هەمان کاتدا ئامانجە هاوبەشەکانی ئاشتەوایی و یەکێتی نیشتمانی بەرەوپێش دەبات بە تێکەڵکردنی ڕێڕەوە جیاوازەکانی بەرژەوەندییەکان بۆ یەک ڕێگای یەکگرتوو بۆ پێشەوە."

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)