🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

کۆڕبەندی ئابووری جیهانی بانگهێشتی عەراقچی بۆ داڤۆس هەڵدەوەشێنێتەوە

دەنگی ئەمەریکا 2026/01/19 16:42

کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە کاردانەوە بە ناڕەزایەتییەکان دژی بانگهێشتکردنی عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ بەشداریکردن و قسەکردن لە کۆبوونەوەی داڤۆس، ڕایگەیاند بانگهێشتەکەیان هەڵوەشاندوەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوی کۆڕبەندەکەدا هاتووە، "وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەی دانیشتنی داڤۆس نابێت. پاییزی ساڵی ڕابردوو ناوبراو بانگهێشت کرابوو، بەڵام کوشتن و سەرکوتکردنی کارەساتبارانەی خەڵک لە ئێران لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا بەواتایە دێت کە حکومەتی (کۆماری ئیسلامی) ئێران نابێت ئەمساڵ نوێنەری لە داڤۆسدا هەبێت."

پێشتر هیلێل نۆیەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بنکەکەی لە ژنێڤە، لە پەیامێکدا بۆ عەباس عەراقچی نووسیبووی، "ئەگەر لەم هەفتەیەدا بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی پێت بخەیتە داڤۆس، ئەوا لە دژت سکاڵای تاوانکاری لە داواکاری گشتی سویسرا تۆمار دەکرێت."

نۆیەر وتیشی، "ڕۆڵی تۆ وەک فەرماندەیەک لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لە کوشتنی بەکۆمەڵی هەزاران خۆپیشاندەر، تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە. چاوەڕوانی دەستگیرکردن و دادگاییکردن و دادپەروەری بە."

هەروەها لینزی گراهام، سیناتۆری کۆماری ئەمەریکا، لە وەڵامی بانگهێشتەکەی عەراقچیدا وێرای سەرکۆنەکردنی ئەو بڕیارە لەلایەن ڕێکخەرانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانییەوە، نووسیبوی "بانگهێشتکردنی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ قسەکردن لەو کۆڕبەندە لە ئێستادا هاوشێوەی بانگهێشتکردنی هیتلەر دەبێت بۆ بۆنەیەکی جیهانی دوای کریستاڵناخت."

لە ساڵی 1938 سەرکردەکانی نازی زنجیرەیەک پۆگرۆم (گۆشەگیری و کوشتنی بەکۆمەڵ)یان لەدژی جووەکانی ئەڵمانیا و ناوچەکانی دیکەیان دەستپێکرد. ئەم بۆنەیە بە کریستاڵناخت (شەوی شووشەی شکاو) ناسرا، ئەمەش بەهۆی ئەو شووشە شکاوانەی کە دوای وێرانکردن و سووتاندنی دوکان و کەنیسە و ماڵی جووەکان بەسەر شەقامەکاندا بڵاوبووەوە.

ئەو سیناتۆرە کۆمارییە لە کۆتایی نووسینەکەیدا نووسیوێتی، "خوای گەورە خۆپیشاندەران بپارێزێت. بەردەوام بن لە ناڕەزایەتی دەربڕین. جارێکی تر ئێران مەزن بکەنەوە."

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)