🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

فەرماندەیەکی باڵای قاعیدە لە هێرشێکی ئەمەریکا لەسەر سوریا دەکوژرێت

دەنگی ئەمەریکا 2026/01/18 16:02
هێزەکانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سوریا سەرکردەیەکی قاعیدەیان کوشتووە و ڕایدەگەیەنن ئەو کەسە "پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە چەکدارێکی داعشەوە هەبووە کە مانگی ڕابردوو لە بۆسەیەکدا لە سوریا سێ ئەمەریکایی کوشتووە." فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندووە بیلال حەسەن جاسم ڕۆژی هەینی لە هێرشێکدا لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا کوژراوە. لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەو ناوەندەدا هاتووە بیلال حەسەن جاسم پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەو چەکدارە داعشە هەبووە کە هێزەکانی ئەمەریکا و سوریای کوشتووە و برینداری کردوون. براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم ڕایگەیاندووە "کوژرانی ئەندامێکی سەر بە گرووپی تیرۆریستی کە بوو بە هۆی کوژرانی سێ ئەمەریکایی، ویستی ئێمە لە بەدواداچوونی تیرۆریستان کە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانمان نیشان دەدات." فەرماندەی سێنتکۆم وتی "هیچ شوێنێکی پارێزراو بۆ ئەو کەسانە بوونی نییە کە هێرش بۆ سەرهاووڵاتیانی ئەمەریکایی و سەربازەکانمان ئەنجام دەدەن یان پیلانگێڕی دەکەن." بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی سێنتکۆم، هێزەکانی ئەو ناوەندە لە وەڵامی هێرشەکەی 13ی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو، هێرشی بەرفراوانیان لە سوریا دەستپێکرد کە تاکو ئێستا لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، زیاتر لە 100 ئامانجی ژێرخانی داعش و شوێنی چەکەکانیان کردوەتە ئامانج و لەناویان بردوون. سەرەڕای ئەوەش هێزەکانی ئەمەریکا و هاوبەشەکان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 300 ئەندامی داعشیان گرتووە و زیاتر لە 20 کەسی سەر بەو گرووپە تەندڕەوەیان لە سەرانسەری سوریا کوشتووە.
بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)