بەرپرسێکی باڵای پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی باس لەوە دەکات بەکارهێنانی درۆن لە لایەن ئێران دژ بە خۆپیشاندەران زۆر مەترسیدارە چونکە خۆپیشاندەران بژاردەیەکی ئەوتۆیان نییە بۆ خۆپاراستن لە درۆن.
ڕۆبەرت سپالدینگ ژەنەڕاڵی خانەنشینی هێزی ئاسمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەداخەوە پێموایە زۆر قورسە بۆ کەسێک کە مامەڵە لەگەڵ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بکات، بە تایبەتی ئەگەر لە دەرەوە بێت. دیارە ڕێگای دوورکەوتنەوە لە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ئەوەیە کە بچیتە ناو بینایەکەوە. بەڵام بێگومان ئەگەر تۆ لە دەرەوەبیت دەتخاتە مەترسییەوە."
ئەو بەرپرسە لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە ڕەنگە فشارەکانی ئەمەریکا ڕێگری ئەو کارە بکات " لەو بڕوایەدام دەنگی ئاشکرای سەرۆک ترامپ لە پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئێران و هەڕشەکانی لە بەکارهێنانی هێز هۆکارێکە بۆ ڕێگریکردن لە حکومەتی ئێران، چونکە لە ڕاستیدا ئەوان دەترسن و پێویستیشە بترسن. دوای (ئۆپەراسیۆنی) چەکوشی نیوەشەو، دوای ڤەنزوێلا، دوای ئەوەی لەگەڵ، ژەنەڕاڵ سولەیمانی ڕوویدا، دەبێت درک بەوە بکەن کە ئەگەر سەرۆک بڕیار بدات هەنگاو بنێت، دەتوانێت زۆر کاریگەر بێت."
لە وەڵامی پرسیارەکاندا سەبارەت بە ئامادەیی سەربازی ئەمەریکا لە ناوچەکە، ئەو ژەنەڕاڵە خانەنشینە گوتی هیچ گومان لەوەدا نییە ئەگەر سەرۆک بڕیار بدات هەر هەنگاوێک دژ بە ئێران بنێت ئەوا هەموو جۆرە سەرچاوەیەکی پێویستان لەبەردەستدایە.
ژەنەڕاڵ سپالدینگ گوتی " سەرۆک دەتوانێت ڕێوشوێنی دارایی بگرێتەبەر. دەتوانێ، هەموو جۆرە گەمارۆیەکی جیاواز لە دژی ڕێژیمی ئێران دانێت. دەشتوانێت زۆر بە ئاسانی کەڵک لە هەمان ئەو فڕۆکانەی کە بۆ چەکوشی نیوەشەو بەکارهاتن، وەربگرێت بۆ لێدانی نێوەندی ئەو دەسەڵاتەی گەلی ئێران سەرکوت دەکات. جا هیچ گومانێک لەوەدا نییە."
چەکوشی نیوەشەو ئەو ئۆپەراسیۆنەیە کە لە مانگی 6 ی 2025 لەلایەن هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەمەریکاوە دژ بە سێ بنکەی ناوکی ئێران ئەنجام درا.
ئەو ژەنەڕاڵە جەختی لەوەش کردەوە کە تواناکانی ئەمەریکا بەهۆی جوگرافیا سنووردار نین و ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویست ناکات لە ناوچەکەدا بن بۆ ئەوەی کاریگەر بن."
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا بەرگری ئاسمانی ئێران لە پێشترەوە لاوازبووە، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی چەکوشی نیوەشەو. گوتیشی، " جا تەنانەت پێویست بە فڕۆکەی B-2 ناکات بۆ گواستنەوەی چەک بۆ شوێنی ئامانج. ئەو ئامانجانەی کە دەپێکرێن دەکرێت بریتی بن لە شوێنی پاسداران یان تەنانەت هێرش بۆ سەر خودی سەرکردەکان. جا بۆیە پێویستە سەرکردایەتی ئێران توانای زۆری لەشکری ئەمەریکا بە ڕژد وەربگرن."
سەبارەت بە هەڕەشەکانی میلیشیا شیعەکانی
عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، گوتی ئەوهەڕەشانە هەمیشە جێگەی نیگەرانی هێزەکانی ئەمەریکان ، "بەڵام فەرماندەکان لە ناوچەکەدا هەنگاوی پێویست دەگرنەبەر بۆ ئەوەی کارمەندەکانیان سەلامەت بن و ئێستاش ئەو کارە دەکەن."
ڕایشیگەیاند سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی ئەم هەڕەشانە بەکاردەهێنن "بۆ هەوڵدان بۆ ترساندنی ئەمەریکا بۆ ئەوەی هەنگاو نەنێت. بەڵام بێگومان هەرگیز ئەوەیان بۆ نەچووتەسەر تەنانەت لە چەکوشی نیوەشەویشدا."
گوتیشی " سەرۆک ترامپ زۆر ڕوون بووە لەم بارەیەوە ئەگەر خەڵی ئێران لەلایەن ڕژێمەوە بکوژرێن، دەبێت ئەمەش بزانین کە ئەم گرووپانە بەکرێگیراوی ڕژێمن، جا ئەگەر کاری وابکەن ئەوا ئەگەری هەیە (سەرۆک ترامپ) دژی ڕژێم هەنگاو بنێت. "
سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتیش بە چین جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا دەتوانێت ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بکات ئەگەر پێویست بکات. کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا ئەمەریکا دەتوانێت ڕێگری لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بە چین بکات، وتی " بەدڵنیاییەوە، هیچ گومان لەوەدا نییە"، هەنگاوێکی لەو شێوەیەی بەراورد کرد بەو کارانەی پێشتر دژی ڤەنزوێلا ئەنجامدراون.
کۆشکی سپی ڕۆژی پێنجشەممە گوتی، ئێران لەژێر گوشاری سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ لەسێدارەدانی 800 خۆپیشاندەری ڕاگرتووە، بەڵام هێشتا کردەی سەربازیی ئەمەریکا وەک بژاردەیەک ماوەتەوە.