دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی لەلایەن ماریا کۆرینا ماچادۆ سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا وەرگرت، کە لە ڕابردوو خەڵاتەکەی بەدەستهێنابوو.
ترامپ دوێنێ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، دوای میوانداریکردنی سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا لە کۆشکی سپی، ڕایگەیاند، "شانازییەکی گەورەی من بوو کە
ئەمڕۆ چاوم بە ماریا کۆرینا ماچادۆی ڤەنزوێلا کەوت. ئەو ژنێکی نایابە کە سەختی زۆری چەشتووە".
سەرۆکی ئەمەریکا وتی، "ماریا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی خۆی پێشکەش کردم بۆ ئەو کارەی کە کردوومە. ئەمە ئاماژەیەکی نایابە بە ڕێزگرتنی هاوبەشی نێوانمان. سوپاس ماریا!"
ماچادۆ پێشتر خەڵاتەکەی تەرخانکردبوو بۆ ترامپ بەهۆی پشتگیریکردنی لە ڤەنزوێلا. ڕۆژی پێنجشەممەش ڕایگەیاند کە خەڵاتەکەی پێشکەشی ترامپ کرد وەک "دانپێدانانێک بە پابەندبوونی ناوازەی [سەرۆک ترامپ] بە ئازادیمان ".
دوای کۆبوونەوەکەیان لە کۆشکی سپی، ماچادۆ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە خەڵکی ڤەنزوێلا پشت بە سەرۆک ترامپ دەبەستن.
کۆشکی سپی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند بۆچوونی ترامپ سەبارەت بە ماچادۆ وەک سەرکردەی داهاتووی ڤەنزوێلا وەک خۆی ماوەتەوە "لەم ساتەوەختەدا."
ترامپ، بەرواری 3ی یەکی 2026 – ئەو ڕۆژەی دیکتاتۆری ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادۆرۆ لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە دەستگیرکرا – وتی: "پێموایە زۆر سەخت دەبێت بۆ [ماریا کۆرینا ماچادۆ] کە ببێتە سەرۆک. ئەو پشتگیری و ڕێزی لەناوخۆی وڵاتەکەیدا نییە. ژنێکی زۆر باشە، بەڵام ئەو ڕێزەی لەناو وڵاتدا نییە."
ئیدارەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە بۆ دەنگی ئەمەریکا ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە ئەمەریکا یەکەم فرۆشتنی نەوتی ڤەنزوێلای بە بەهای 500 ملیۆن دۆلار تەواو کردووە و وتی کە پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژ و هەفتەکانی داهاتوودا فرۆشەکە زیاتر ببێت.
کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ترامپ پابەندە بە بینینی هەڵبژاردنی دیموکراسی لە ڤەنزوێلا، لەکاتێکدا ئەمەریکا یارمەتی وڵاتەکە دەدات بۆ سەقامگیری و چاکبوونەوەی دوای ساڵانێک لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری و سزا ئابوورییەکان.