چەند سەرچاوەیەک: ئەمەریکا هێزی لەشکری ڕەوانەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
دەنگی ئەمەریکا
2026/01/16 19:32
چەند سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو بۆ میدیاکانیان پشتڕاستکردووەتەوە ئەمەریکا هێزی لەشکری ڕەوانەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ئەمەش پاش ئەوەی سەرۆک ترامپ هۆشداری بە ڕژێمی ئێران دا ئەگەربێت و بەردەوامبێت لە کوشتنی خۆپیشاندەران یان سزای لەسێدارەدان بەسەر خۆپیشاندەران بسەپێنێت، ئەوا ئەمەریکا بە توندی لە ڕژێمەکە دەدات.
سەرچاوەکان لە ڕۆژی پێنجشەممەوە زانیارییان بە میدیاکان داوە، کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکن USS Abraham Lincoln لە دەریای باشوری چینەوە کەوتووەتە جوڵە بەرەو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە لایەکی دیکەوە سەتەلایەتی سەنتینێڵ 2 ی ئاژانسی واڵای ئاسمانی ئەوروپا وێنەی کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکەی گرتووە کە ئاڕاستەی خۆی گۆڕیوە و بەرەو دەریای عەرەب بەڕێکەوتووە لەگەڵ ژمارەیەک کەشتی هاوەڵی.
هەروەها سەرچاوەکان باسیان لەوەش کردووە وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا چەندین سیستمی بەرگری ئاسمانی ڕەوانەی ناوچەکە دەکات کە لە ئاسمان و زەوی و دەریاوە کاردەکەن.
وەزارەتی جەنگ لای خۆیەوە هیچ زانیارییەکی لەم بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە، ئەمەش وەک بەشێک لە سیاسەتی ئاشکرانەکردنی جموجۆڵە لەشکرییەکان.
لە 28 ی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردووەوە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییەکان لە ئێران دەستیانپێکرد و ژمارەیەکی زۆری شار و شارۆچکەکانی ئەو وڵاتەی گرتەوە و ڕژێمیش بە توندترین شێوە ڕووبەڕوویان بووەوە و بە هەزارانی کوشتووە یان بریندارکردووە یانیش دەستگیرکردووە.
بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)