هەرێمى کوردستان 11 ساڵە بودجەى گشتى نییە و بەگوێرەى بەدواداچوونێکى کەناڵ8 نەبوونى یاساى بودجە هۆکارى تەخشانکردنى پارە و داهاتى هەرێمى کوردستان و ئەو جیاوازییە گەورەیە بووە لە نێوان پارێزگا و یەکە ئیدارییەکانى هەرێمى کوردستان کراوە و دەسەڵاتى ڕەهاى بەبێ چاودێرى داوەتە حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەوەى هەر گوژمەیەک پارەى بوێت لە هەر شوێنێک خەرجى بکات و هیچ لایەنێکى چاودێرى وەک و پەرلەمان نەبێت بەسەریەوە، کە بە گوێرەى یاسا لێپێچینەوەى لێ بکات، بەڵام ڕۆژئاواى کوردستان، بەر لە هاتنى ساڵى نوێ، بودجەى 2026ـى پەسەندکردووە و هەر کانتۆنێک بودجەى فریاگوزاریى بۆ تەرخانکراوە.

پێویستە ساڵانە بودجە لە حکومەتەوە بۆ پەرلەمان بنێردرێت

پڕۆژەیاساى بودجە، پێویستە ساڵانە لە حکومەتەوە بۆ پەرلەمان بنێردرێت، حکومەت ورد و درشتى داهاتى ئەو ساڵە، خەرجییەکان بە خەرجى بەکاربردن و وەبەرهێنانەوە دیاریی بکات، پاش ئەوە سەرجەم خەرجییەکان دیاریی بکرێن و بڕەپارەى گونجاویان بۆ دابین بکرێت، لەنێو بودجەى هەر ساڵێک، بودجەى پڕۆژەکان و بودجەى فریاگوزارى بۆ ڕووداو و کارەساتە سروشتییەکان دیاریی دەکرێت.

گرنگى ئەم یاسایە لە چیدایە؟

کاتێک حکومەت پڕۆژەکە دەنێرێتە پەرلەمان، لە لیژنەى دارایی و لەناو هۆڵى پەرلەمان گفتوگۆى تەواوى لەسەر دەکرێت، هاوسەنگى لە دابینکردنى بڕى پارەى پێویست بۆ پارێزگاکان، دامەزراندن، فریاگوزاریى و بودجەى پڕۆژەکان فەراهەم دەکرێت و لە پاش پەسەندکردنیشى خودى پەرلەمان و پەرلەمانتاران دەبن بە چاودێر بەسەر پرۆسەکەوە، لەهەر شوێنێک حکومەت گۆڕانکاریى بکات، لێپێچینەوەى لەگەڵ دەکرێت.

هەرێمى کوردستان بۆچى بودجەى نەبووە؟

هەرێمى کوردستان لەساڵى 2014ـەوە بودجەى نەبووە، ساڵانە بەبێ هیچ چاودێرییەک نەوتى هەرێمى کوردستانى فرۆشتووە، لەگەڵ داهاتى ناوخۆ بەشێکى مووچە، نەک مووچەى تەواوى فەرمانبەرانى پێ دابینکردووە و بەشەکەى دیکەى بۆ ئەو پڕۆژە و ناوچانە دابینکردووە کە خۆى ویستوویەتى.

جیاوازی لە بودجەی فریاگوزاری

بۆنموونە، حکومەت ئەگەر یاساى بودجەى هەبێت، ناتوانێت ئەو جیاوازییە لە بودجەى فریاگوزارى بکات، بۆ ئاگرکەوتنەوەى دوکاندارەکانى دهۆک پارە تەرخان بکات و قەرەبووى زیانلێکەوتووان بکاتەوە، بەڵام بۆ لافاوەکەى چەمچەماڵ پارە تەرخان نەکات.

ڕێگەى دووساید بۆسەر بەنداوێک ببات و پارەى بۆ تەرخان بکات، بەڵام پارە بۆ ڕێگەى سلێمانى دەربەندیخان دابین نەکات، کە بە ڕێگەى مەرگ ناسراوە.

حکومەتی هەرێم تەنیا دووساڵ یاساى بودجەى بە تەواوى هەبووە

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، تەمەنى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەگاتە 35 ساڵ، تەنیا دووساڵ یاساى بودجەى بە تەواوى هەبووە، کە سەرجەم خەرجى و داهات و بەشەکانى بودجەى تێدا جیاکرابێتەوە، ئەوانى دیکە، تەنیا پڕۆژەیەک بوون و بەرگێکى یاسایی کراوە بەبەریاندا بەناوى یاساى بودجە بۆ خەرجکردنى ئەو بڕەپارەیەى ساڵانە لە بەغدادەوە بۆ هەرێمى کوردستان نێردراوە.

ڕۆژئاواى کوردستان بودجەى ساڵى 2026ـى پەسەند کردووە

ئەوەى لە ڕۆژئاواى کوردستان بینرا، تەواو جیاوازە، یاسای بودجەى ساڵى نوێ بەر لەهاتنى ئەو ساڵە پەسەندکرا و جگە لە ئاماژەدان بە داهات، خەرجى، کورتهێنان، بودجەى فریاگوزارى دابینکراوە و بڕیارى دروستکردنى چەند یەکەیەکى دیکەى کارگێڕى دراوە.